پیرەمەگرون هەراسان بووە
ئاميرەکانیان شکاوە و ناتوانن خۆڵ کۆبکەنەوە
964+
دیلان محەمەد جەزا
خۆڵ و خاشاک ناحیەی پیرەمەگرونی هەراسانکردووە، شارەوانی ناحیەکە خۆیان هەڵدەستن بە پاکردنەوەی، سەرۆکی شارەوانی دەڵێت، پارەیان پێ نادرێت و سەرجەم ئامێرەکانیان شکاوە.
بەرزان رەوف سەرۆکی شارەوانی پیرەمەگرون بە 964 وت، کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت ئەرکیان پاکردنەوەی سنووری ناحیەی پیرەمەگرونە، بەڵام بەهۆی پێنەدانی بودجە پێیان کارەکانیان نزیک بووەتەوە لە وەستان، سەرجەم ئامێرەکانیان شکاوە پێیان چاک ناکرێتەوە.
لەو بارەیەوە باسی لەوەکرد، لە حاڵەتی کۆنەکردنەوەی خۆڵ و خاشاکدا شارەوانی خۆی هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی و پسوڵەی سەرپێچی بۆ کۆمپانیاکە دەکات.
وتیشی، هاوڵاتیان کاتێک خۆڵیان پێدەبێت لەسەر شەقامە سەرەکیەکە خۆڵەکە فڕێ دەدەن و ئەوەش سیمایەکی ناشرین دەبەخشێت بەسەر ئەو رێگایە.
مانگی سێ گرێبەستی کۆمپانیاکە کۆتایی دێت و دوای ئەوان کۆمپانیایەکی دیکە دادەنرێت بۆ پاکردنەوەی ئەو سنورە، سەرۆکی شارەوانی وای وت.
رۆژانە نزیکەی 15 تۆن خۆڵ کۆدەکرێتەوە لە ناحیەی پیرەمەگرون و لە هەفتەیەکدا نزیکەی 75 تۆن دەبێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی