رێککەوتنی نێوان هەرێم و بە‌غدا بەشێکە لەو کاریگەرییە

راپۆرتێکی بەریتانی باس لە کاریگەرییەکانی بۆری کوردستان دەکات بۆ نەوتی عێراق

964+

ژووری هەواڵ

لە راپۆرتێکی “سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەکانی گەشەپێدان” کە بارەگاکەی لە لەندەنە، ئەوە هاتووە، سەلامەترین رێگا بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان، رێگەی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیایە.

سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەکانی گەشەپێدان، راپۆرت لەبارەی ئابوری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی بڵاودەکاتەوە، لەنوێترین راپۆرتدا، ئەوەی راگەیاندووە، ئەو قەیرانانەی لەدەریای سوور دروست بوون رەنگە بە ئاسانی کۆتاییان پێ نەیەت، بۆیە پێشنیاز بۆ عێراق کراوە ئاسانترین رێگە بەکارهێنانی بۆری نەوتی کوردستانە لەرێگەی تورکیاوە، ئەمەش دوای ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا خواستیان لەسەر کڕینی نەوتی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتە لەکاتێکدایە، فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پانێلێکدا لە گۆشەی “ماڵی کورد” لە کۆنگرەی داڤۆس ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 17.1.2024 رایگەیاند، “لەدوو رۆژی رابردوو رێککەوتنێک لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنزیکترین کاتدا”.

ترسی عێراق ئەو کاتە زیاتر بوو کە لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئێران دەستیگرت بەسەر کەشتیەکی نەوت هەڵگری عێراقی لە کەنداری عومان، کەنەوتی عێراقی هەڵگرتبوو بەرەو تورکیا.

لە راپۆرتەکەی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەکانی گەشەپێدان هاتووە، عێراق بەتێچوویەکی زۆر و ترسێکی زۆرەوە نەوت هەناردە دەکات، لەکاتێکدا یەک لەسەلامەترین رێگاکان کە بۆری نێوان عێراق و تورکیا لەساڵی 2023-ەوە کاری پێ ناکرێت.

بەپێی راپۆرتەکە، عێراق لە راگرتنی نەوت بەرێگای تورکیا زیانی نۆ ملیار دۆلاری بەرکەوتووە.

عێراق رۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، کە 85%ی لە رێگەی بەسرەوەوەیە، لە کاتێکدا نزیکەی 15% لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی تورکیا دەکرێت و لەوێشەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان هەناردە دەکرێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق: رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان هەرێم و ...

وەزیری دەرەوەی عێراق: رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان هەرێم و بەغدا کراوە