لە بانکێکی ئەهلی پارێزگای سلێمانی
چەند بەشداربوویەکی بانک ملیاران دینار لە هەژمارەکانیان ئاڵوگۆڕی پێ کراوە
964+
وریا فەتاح
ژمارەیەک کەس لە بانکى ئەهلى عێراقى لقی سلێمانی هەژمارى بانکیان کردووەتەوە، بەڵام بەبێ ئاگادارى خۆیان ملیاران دینار لە هەژمارەکانیان لەسەر ئاستى ناوخۆ جوڵەى پێکراوە، بەڕێوەبەرى لقى سلێمانى بانکەکەش لە رێگەى 964ـەوە دڵنیایى دەدات.
ژمارەیەک کەس پەیوەندییان بە 964ـەوە کردووە کە هەژمارى بانکیان لە بانکى ئەهلى عێراقى لقى سلێمانى کردووەتەوە، بەڵام بەبێ ئاگادارى خۆیان جوڵەى ملیاران دینار لەسەر ئاستى ناوخۆى عێراق بە هەژمارەکانیان کراوە، ئەوەش دوودڵى و ترسى سپیکردنەوەى پارەى لاى ئەو کەسانە دروستکردووە.
یەکێک لەو کەسانەى کە هەژمارى لە بانکەکە کردووە بە 964ى وت،”کاتێک لە ATM چێکى هەژمارەکەم کردووە، توشى شۆک بووم، ملیاران دینار ئاڵوگۆڕى لە هەژمارەکەم هەبووە، جوڵەى پارەکان و رۆژ و کاتەکەى پیشانداوم، بەڵام خۆم ئاگام لە هیچ ئاڵوگۆڕێک نیە و پەیوەندى بە منەوە نیە”.
ئەو کەسە کە نزیکەى مانگێکە هەژمارە بانکییەکەى لە بانکى ئەهلى عێراقى لقى سلێمانى کردووەتەوە، باسى لەوە کرد، دەمانەوێت بۆمان روون بکرێتەوە، ئەوە بەکارهێنانى هەژمارەکانمانە بۆ سپیکردنەوەى پارە؟، یان کێشەیەکى تەکنیکییە؟، بەوتەى ئەو کەسە، ئەگەر هەژمارەکانیان بەکارهێنرابێت، دەبێت بانکى ناوەندى ئاگادار بکرێتەوە، ئەگەر کێشەیەکى تەکنیکیش بێت، دەبێت بانکەکە ئەستۆپاکى بۆ ئەو کەسانە بنوسێت کە هەژماریان لاى کردووەتەوە و توشى گرفتەکە بوون.
964، پەیوەندى بە دلاوەر نورى، بەڕێوەبەرى بانکى ئەهلى عێراقى لقى سلێمانى کرد و ئەو بە 964ى وت، “کێشەیەک هەبوو سیستممان گۆڕى بەهۆى ئەو گۆڕینەوە کێشە لە هەژمارەکان روویدا، بەتایبەت ئەو هەژمارانەى نوێن”.
بەوتەى دلاوەر نورى، کێشەکە تەنیا لە ئاى تى ئێمەکان روویداوە، بەڵام ئەگەر بێن و لە بانک کەشفى حسابەکانیان بکەن، ئەوا سفرە و هیچ کێشەیەکی نییە.
بەڕێوەبەرى لقى سلێمانى بانکى ئەهلى عێراقى، لە رێگەى 964ـەوە دڵنیایى دەداتە ئەو کەسانە و دەڵێت: با بێن لە بانک کەشفى حسابەکانیان بکەن، هیچ کێشەیەکی نییە، ئەگەر کێشەیەک هەبوو بۆى چارەسەر دەکەین، بەڵام ئەوەى هەیە تەنها کێشەیەکە لە دەرەوەى بانک و لە ئایتى ئێمەکاندایە.
“لقى سەرەکیمان ئاگادارکردووەتەوە و لە چەند رۆژى داهاتوودا کێشەکە چارەسەر دەبێت”، دلاوەر نورى واى بە 964 وت.