"ئیراده‌مان ناشكێت"
دهۆكییه‌كان سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێریان كرد
+964
زه‌ید كۆچه‌ر – دهۆك
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 18.1.2024 خه‌ڵكی شاری دهۆك به هه‌موو چین و توێژه‌كانیانه‌وه، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییان ئه‌نجام دا و سه‌ركۆنه و ئیدانه‌ی هێرشه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان كرد بۆ سه‌ر هه‌ولێر.
خه‌ڵكی دهۆك دروشمی جیاجیان هه‌ڵگرتبوو، ئه‌وه‌شیان دووپاتكرده‌وه، كه هێرش و په‌لاماره‌كانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان ناشكێنێت.
هاوڵاتیانی دهۆك هه‌روه‌ها پرسه و سه‌ره‌خۆشیی خۆیان ئاراسته‌ی خه‌ڵكی هه‌ولێر و خانه‌واده‌ی پێشڕه‌و دزه‌یی كرد، كه خۆی و كچه‌كه‌ی و میوانێكی و كارگوزارێكی ماڵه‌كه‌ی گیانیان له ده‌ست دا.
دووشه‌ممه‌ی رابردوو 15.1.2024 سوپای پاسدارانی ئێران به مووشه‌ك و درۆنی هێرشی كرده سه‌ر چه‌ند شوێنێكی شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری و له ئه‌نجامدا 5 كه‌س گیانیان له ده‌ست دا و 16 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون، دیارترینیان هێرشی مووشه‌كی بوو بۆ سه‌ر ماڵی بازرگانی ناسراو پێشڕه‌و دزه‌یی، كه به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه خۆی و منداڵێكی و خزمه‌تكارێكی ماڵه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها میوانێكی، كه ئه‌ویش بازرگان بوو، گیانیان له ده‌ست دا.
داڕشتنه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا