لە دوێنێوە دیار نەمابوو

تەرمی شۆفێرێکی تاکسی دۆزرایەوەو ئۆتۆمبێلەکەی دیار نییە

+964

کاروان ساڵحی -کەرکوک

تەرمی شۆفێرێکی تاکسی لە نزیک کەرکوک دۆزرایەوە، پیاوەکە دوێنێ چوارشەممە بۆ کارکردن لەماڵەوە دەرچووبوو نەگەڕایەوە، ئەمڕۆ پۆلیس تەرمەکەیان دۆزییەوە کە فیشەک بە جەستەیەوە بووە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەی دیار نەماوە.

شۆفێرەکە ماڵیان لە گەڕەکی دەروازەیە، ناسیح محەمەد دراوسێ ئەو شۆفێرە بە 964ـی وت ”مام….. تەمەنی 70 ساڵەو خێزاندارە دوای ئەوەی هاوڵاتیەک بە کرێ دەگەیەنێتە قەرەهەنجیر سۆراغی نامێنێت دوای گەڕانێکی زۆر کەمێک بەر لە ئێستا تەرمەکەی لە چەمی گۆران لە نێوان گوندی چیمەن وکەرکوک دۆزرایەوە شوێنی فیشەک بەسەریەوە دیارە وئۆتۆمبێلەکەشی دزراوە”.

سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی ئازادی خۆی داوایکرد ناوی نەهێندرێت بە964ـی وت ”دەست کراوە بە لێکۆڵینەوەی ورد و بەدواداچوون کراوە”.

بەهۆی نزیکی رووداوەکە لە بنکەی پۆلیسی ئازادی، دۆسێکە چووەتە لای ئەوان، هێشتا ناڵێن چییان دەست کەوتووە، بەڵام بکوژ و کوژراو بە بازگەدا تێپەڕیون، رەنگە ئەوە زۆر شتیان بۆ روون بکاتەوە.