گۆڕەپانی قوتابخانەیەک لە سلێمانی _ وێنە: 964
بۆیەکەمجار دوای بایکۆت
پەروەردەی سلێمانی رێکار بەرامبەر مامۆستایان دەگرێتەبەر
964+
ژووری هەواڵ
بۆ یەکەم جار پاش دەستپێکردنى بایکۆتى خوێندن، پەروەردەى سلێمانى بەشێوەیەکى مەیدانى بەدواداچوون بۆ دەستپێکردنەوەى دەوامى خوێندنگاکان دەکات، رێکارى یاسایى بەرامبەر مامۆستایانى میلاک و وانەبێژیش دەگرێتەبەر.
بەگوێرەى ئاگادارينامەیەک کە واژۆى بەناز رەمەزان، بەڕێوەبەرى پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی لەسەرە و بۆ بەڕێوەبەرى خوێندنگاکان نێردراوە، لە رۆژى چوارشەممە 17ى کانوونى دووەمى 2024، لیژنەی پەروەردە سەردانی ناوەندەکانی خوێندن دەکات، بەمەبەستی دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بڕیارى دەستپێکردنەوەى دەوام.
ئاماژە بەوەکراوە، لە هەمانکاتی سەردانەکان لیستی ئامادەنەبووان وەردەگیردرێت، بەمەبەستی جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی بۆ مامۆستایانی میلاک و وانەبێژ.
لە بەشێکى دیکەى ئاگادارینامەکەدا هاتووە، “دەسەڵاتی بەخشین و دانانی وانەبێژان لای بەڕێوەبەری پەروەردەیە”.
رۆژى 8ى کانوونى دووەمى 2024، بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانى ساڵنامەى وەرزى یەکەم و دووەمى خوێندنى ئەمساڵى بڵاوکردەوە، بەگوێرەى ساڵنامەکە رۆژى سێشەممە 9ى کانوونى دووەم، خوێندن دەستپێدەکات و رۆژى 30 ئایارى 2024 کۆتايیدێت.