شاری دهۆک - social media
پارێزگار ئیدانەی هێرشەکان دەکات
دهۆک سێ رۆژ ماتەمینی بۆ هەولێر راگەیاند
964+
ژووری هەواڵ
بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی بەبۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر، پارێزگای دهۆک سێ رۆژ ماتەمینی گشتی راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە 16.1.2024، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، بەبۆنەی ئەو هێرشە “تیرۆرستییەی” کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدرا بۆ سەر شاری هەولێر و گیانلەدەستدانی چوار کەس، لە سەرانسەری پارێزگاکە بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی گشتی رادەگەیەنن.
“ئەو کارە تیرۆریستی و ترسنۆکانە شەرمەزار دەکەین و بە توندی سەرکۆنەی دەکەین”، پارێزگاری دهۆک وای وت.
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک بە 964ـی راگەیاند، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە خۆپێشاندانێک بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی هەولێر لە دهۆک بەڕێوەبچێت.
هاوکات پارێزگاری ههولێریش رایگهیاند، لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەى سێ رۆژ ماتەمینی گشتی له ههولێر رادەگەیهنن و ئاڵای كوردستان لهسهر باڵهخانه و دامودهزگاكان دێته خوارهوه.
ئومێد خۆشناو به 964ی راگهیاند، “بە هۆی ئەو پەلامار و مووشەکبارانە ناڕەوایەى هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە شەوی رابردوو کرایە سەر شارەکەمان و لە ئەنجامدا بەداخێکی زۆرەوە چوار هاوڵاتیی سڤیل شەهیدبوون و شەش هاوڵاتى دیکەش بریندار بوون، پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان دەکەین و لە خودای گەورە داواکارین شەهیدانى ئەو پەلامارە تیرۆرستییە بە بەهەشتى بەرین شاد بکات و شیفای بریندارەکان بدات”.