"دۆخەکە بەو جۆرە چارەسەر نابێت"
یەکێتیی وەبەرهێنەران: هێرشەکان نائارامیی سیاسی و ئابووریی دروست کردووە
964+
پێشەوا محەمەد
یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان هێرشە مووشەکییەکانی ئێران ئیدانە دەکات و لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، ئەو هێرشانە نائارامیی سیاسی و ئابوورییان دروستکردووە.
شەوی رابردوو سوپای پاسداران هێرشی مووشەکی کردە سەر هەولێر و بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەست دا و 17ـی دیکەش بریندار بوون.
یەکێتیی وەبەرهێنەران لە بەیاننامەکەیاندا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 16.1.2024 بڵاویکردووەتەوە، هەر هێرش و پەلاماردانێكیش رەتدەکەینەوە كە سەروەریی خاکی هەرێم و عێراق پێشێل دەکات.
ئاماژەیان بەوەش داوە، بەردەوامیی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان، کە ماوەیەکە شارەکانی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانج، نائارامیی سیاسی و ئابوورییان لە ناوچەکەدا هێناوەتە ئارا و دۆخێکی دژواریان لە سەرجەم شارەکانی هەرێمدا دروستکردووە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیان دیارە.
یەکێتییەکە داواش دەکات، هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو پەلامارانە و كاری جدی بكەن بۆ چارەسەركردنی ریشەیی و رێگریكردن لە تێكچوونی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
لە هێرشەکەی سەر هەولێردا پێشڕەو دزەیی، خاوەنی ئیمپایەر وۆرڵد و فالکۆن گرووپ و کچێکی تەمەن کەمتر لە ساڵێک بەرکەوتوون و گیانیان لەدەستداوە.
“ئەوەی لە نێوان وڵاتانی زلهێزدا دەگوزەرێت نابێت لەسەر حسابی وڵاتانی ناوچەکە بێت و شکستی جەنگ و ماڵوێرانییەکانی خۆیان بە ئێمەدا هەڵواسن، چونکە دۆخەکە بەم جۆرە چارەسەر نابێ و تەنیا ئاڵۆزی و نالەباری تیا دێتە ئارا، کە سەرەنجام گەلانی عێراق باجەکەی دەدەن”، بەیاننامەکەی یەکێتیی وەبەرهێنان وای تێدا نووسراوە.