کاردانەوەی هێرشی حوسییەکانە
ئەمریکا و بەریتانیا چەندین پێگەی حوسیەکانی یەمەنیان بۆردوومان کرد
964+
فەهمی نەبی
درەنگانی شەوی رابردوو ئەمریکا و بەریتانیا بەهاوکاری وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، چەند ئامانجێکی حوسییەکانیان لە یەمەن بۆردوومان کرد، ئەمەش دوای ئەو زنجیرە پەلامارەی حوسییەکان دێت کە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لە دەریای سوور بۆسەر کەشتییەکان ئەنجامیاندەدا.
فڕۆکەجەنگیەکانی ئەمریکا و بەریتانیا چەند پێگەیەکی رادار و سەکۆی هەڵدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەک و شوێنی چاودیری کەناراوەکان کراونەتە ئامانج.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هێرش بۆسەر حوسییەکان وەڵامێکی راستەوخۆی ئەو هێرشانە بوو کە حوسییەکان بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان ئەنجامی دەدەن.
ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاندووە، “هێرشەکان گرنگ و ئامانجدار بوون”، هاوکات بەرپرسانی پەنتاگۆن دەڵێن، “هێرشەکان بۆ بەرگری لەخۆکردن بووە و سنووردارە، ئەگەر حوسییەکان بەردەوام بن لەو هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی دەریای سوور ئەو کات وەڵامیان دەبێت”.
روسیا وەک کاردانەوەی ئەو هێرشانە داوای کۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات، لەبەرامبەردا ئەمریکا دەڵێت، هیچ نیەتێک نیە بۆ ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکان.
دواینجار کە ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر حوسییەکان ساڵی 2016 بووە.
دەریای سوور دەکەوێتە نێوان ئەفریقا و ئاسیا و بەخاڵی گرنگی گواستنەوەی نەوت دادەنرێت، هەریەکە لە وڵاتەکانی جیبۆتی، میسر، ئیریتیریا، سعودیە، سودان، یەمەن، سۆماڵ، ئیسرائیل و ئوردن دەکەونە سەر ئەو دەریایە. لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەزە، چەکدارانی حوسی لە یەمەن هێرش بۆسەر کەشتی ئەمریکی و ئیسرائیلی ئەنجام دەدەن.