حەسەن سیساوەیی

ساڵیادی مردنی حەیرانبێژە غەریبەکەی هەولێر

964+

ژووری هەواڵ

حەسەن رەسوڵ سیساوەیی، لەساڵی 1926 لە گوندی ئاری سیرەکی دەشتی هەریر لە خێزانێکی هەژار لەدایکبووە، ئەگەرچی بە حەسەن سیساوەیی ناسراوە، بەڵام لە بنەڕەتدا خەڵکی سیساوە نییە.

تەمەنی 11 ساڵان دەبێت کاتێک لە دەرەوەی ئاوایی سیساوە، دوور لە خەڵک و بەدزیەوە، سەدای دەنگی تێکەڵ بە سروشت دەکات و حەیران دەڵێت، دوای ئەوەی خەڵکی ئاوایی بە بەهرەکەی دەزانن هەر زوو باوکی دژی دەوەستێتەوە و نایەوێت ببێت بە حەیرانبێژ، بەڵام ئەو رەحمان بەگی سیساوە پاڵپشتی تەواوی دەبێت و وەک حەیرانبێژی دیوەخانەکەی لە سیساوە دەیناسێنێت، یەکەم بەرهەمی حەسەن سیساوە لە ساڵی 1955 لە ئێستگەی دەنگی بەغدا دەبێت.

لەبەر هەژاری و کەمدەرامەتی کاری جوتیاری و کرێکاری کردووە، بەهۆی نسکۆی شۆڕشی ئەیلول تا ساڵی 1991 ئاوارەی ناوچەی حەدیسە دەبێت لە باشوری عێراق 13 ساڵ لە بەنداوی حەدیسە وەک کرێکار کاریکردووە، کرێکاری و هەژاری وای لە حەسەن سیساوەیی کردووە بەردەوام لە حەیرانەکانی، جگە لە چیرۆکە دڵداریەکان بەردەوام جیاوازی چینایەتی و ستەمی ئاغاکان تێکەڵ بە حەیرانەکانی بکات.

بەشێک لە خەڵکی هەژار و ژێر دەستە چیرۆکی خۆیان بۆ گێڕاوەتەوە و ئەویش کردوویەتی بە حەیران، زۆربەی حەیرانەکانی لەچیرۆکی راستی وەرگیراون و تێکەڵی ئەفسانەی کوردی کراون، سەرەڕای ئەوە زیاتر لە نیو سەدە گۆرانی و حەیرانی بەسەر ژن و خۆشەویستیدا دەگووت، بەڵام بەوتەی خۆی خۆشەویستی نەکردووە و هۆکاری ئەنجامنەدانی هاوسەرگیرییەکەشی ئەوە بووە کە قسمەت و نسیب نەبووە.

زیاتر لە 30 کاتژمێر بەرهەمی لاوک و حەیرانی هەیە، زۆرێک لە حەیران و چیرۆکەکانی بەهۆی تۆمار نەکردنەوە فەوتاون، ساڵی 2004 لەرێگای هاتن بۆ هەولێر تووشی رووداوێکی هاتووچۆ دەبێت و هەردوو قاچی دەشکێت و پەککەوتە دەبێت.

هەڵکشانی تەمەن وا لە سیساوەیی دەکات لەژێر جێگا بکەوێت، لەکۆتا ساتەکانی تەمەنی حەسەن ژیانێکی زۆر ناخۆش لەسەر جێگا بەڕێدەکات
10ی کانوونی دووەمی 2015 بۆ دواجار خارە حەسەن ماڵئاوایی یەکجارەکی دەکات و بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

ئەردەلان بەکر.. ئەو خەونەی هاتوو تێپەڕی

ئەردەلان بەکر.. ئەو خەونەی هاتوو تێپەڕی