رووداوێکى سەختى هاتووچۆ روویدا
دوو ژینگەپارێز گیانیان لەدەستدا
964+
زەید کۆچەر- دهۆک
لە رووداوێکى هاتوچۆدا کە لەناو بازاڕى قەزاى بەردەڕەش روویدا، چوار کەس بریندار بوون و دوو کرێکاری ژینگە پارێزیش گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە کاتژمێر 7:30 خولەکى بەیانى، لەناو سەنتەرى قەزاى بەردەڕەش لە نێوان ئۆتۆمبێلێکى جۆرى لاندگرۆزەر و تراکتۆرێکدا روویداوە.
رائید شڤان عوسمان، ئەفسەر لە بەشی هاتووچۆی بەردەڕەش بە 964ی وت،”رووداوەکە بەهۆى خەولێکەوتنى شۆفێرى لاندگرۆزەرەکە رویداوە و بەهۆیەوە خۆى بە تراکتۆرێکدا کێشاوە و پێنج کرێکار کەوتونەتە ژێرەوە و بەهۆیەوە سێ کرێکار بریندار بوون و دوو کرێکاریش گیانیان لەدەستداوە”.
هەرچەندە شۆفێرەکەش بە سوکى بریندار بووە، بەڵام بە وتەى شڤان عوسمان، دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرێت.
نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی ئاکرێ بە 964ی وت،” پینج برینداریان هێناوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ و دوو لەم کەسانە گیانیان لەدەستداوە، لە ئێستاشدا سێ بریندار ماونەتەوە و دوانیان دۆخى تەندروستیان ناجێگیرە.
پێداچوونەوە- وریا فەتاح