"بۆ ھەفتەیەک"
سایدی دووەمی شەقامی بازاڕی کەلار دادەخرێت
+964
میلاد جەلال-گەمیان
دوای تەواوکردنی کارەکانی سایدی یەکەمی فولکەی شەقامی سەرەکی بازاڕی کەلار، سبەینێ سێشەممە، سایدی دووەمی شەقامەکە دادەخرێت.
سایدی یەکەمی شەقامەکە دوای حەوت رۆژ لە داخستنی بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە و رێکخستنی بازاڕی قەزاکە، ئەمڕۆ دووشەممە ئەو بەشەی شەقامەکە کرایەوە.
دانا لەتیف، لە راگەیاندنی شارەوانیی کەلار بە 964ى وت،”سبەینێ سێشەممە دەستدەکرێت بە کارکردن لە سایدی دووەمی شەقامەکە و دادەخرێت”.
کارەکانى سایدى دووەمى شەقامەکە ماوەى هەفتەیەک دەخایەنێت و بە وتەى دانا لەتیف، ئەگەر کەشوھەوا رێگە بدات، ھەوڵدەدەن زووتر کارەکانی تەواو بکەن، چونکە شەقامێکی سەرەکییە و ئاستەنگی ھاتوچۆ دروستدەکات.
شەقامەکە لەسەر بودجەی وەبەرھێنان ئەنجام دەدرێت و بە بیئارتۆن دەبەسترێتەوە بەو راستە شەقامەی دەچێتە سەر رووباری سیروان.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح