"بە دوو جۆر چەک بووە"
تەقە لە چادری مانگرتووانی گەڕەکی نەورۆز کرا
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەمشەو تەقە لە چادری مانگرتووانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکوک کراوە، کە بە وتەی مانگرتووان، هیچ کەسێک بریندار نەبووە و بە پێی زانیارییەکان بە دوو جۆرە چەک تەقە کراوە.
هێمن خۆشنووس، دانیشتووی گەڕەکی نەورۆز بە 964ـی وت، “لە کاتی تەقەکردنەکەدا ژمارەیەک مانگرتوو لە دەرەوەی و ناوەوەی چادرەکە دانیشتبوون، تەقەکان ئاراستەی چادرەکە کراوە، خۆشبەختانە کەس بریندار نەبووە”.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شوێنی رووداوەکە بە 964ـی وت، دەست بە لێکۆڵینەوە کراوە و بە پێی زانیارییەکان بە کڵاشینکۆڤ و دەمانچە تەقە کراوە و بە پێ لێکۆڵینەوەی سەرەتاییش تەقەکەرەکان بە پیادە بوون.
لە رۆژی هەینیی رابردووەوە، لە دژی هاتنی سوپای عێراق بۆ ناو چەند خانوویەکی گەڕەکەکەیان، دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکوک چادریان هەڵداوە و دەستیان بە مانگرتن کردووە، دەڵین، تا داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکرێت لە مانگرتن بەردەوام دەبن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا