بازگەی کاتی دانراوە
ئاسایشی سلێمانی بەدوای چەکی بێ مۆڵەت و ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەگەڕێت
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
ئاسایشی سلێمانی یەکەم گەڕان و پشکنینی لە ساڵی نوێدا ئەنجامدا، دەستی بە دانانی بازگەی کاتی کردووە لەناوشار و بازگە فەرمیەکانیشی تووندوتۆڵ کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت و ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا.
سەرچاوەیەکی ئاسایشی سلێمانی (نەیویست ناوی بهێندرێت) بە 964ی راگەیاند، ئەو هەڵمەتانەیان ناوبەناو هەیە و گەڕان و پرسیار و پشکنینی ئۆتۆمبێل و هاوڵاتیان زیاتر دەکەن.
وتیشی، “ئەم هەڵمەتە بۆ گەڕانە بەدوای چەکی بێ مۆڵەت و ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، هەم لەناوشار بازگەی کاتی هەیە هەم لە بازگەکان لێپێچینەوەکان زیاترن”.
ئێوارەی ئەمڕۆ چەند هاوڵاتییەک کە بە بازگەکانی هاتنەناو شاری سلێمانیدا تێپەڕیبوون باسیان لە پرسیار و وەڵامی زۆر کردووە کە لێیان کراوە و ئۆتۆمبێلەکانیان پشکندراوە.