سێ بابەت تەوەری گفتوگۆکان دەبن
شاندی هەرێم گەیشتنە بەغدا
964+
فەهمی نەبی
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەت رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بابەتی موچە و چەند پرسێکی دیکە گەیشتوونەتە بەغدا.
ئەمڕۆ شەممە 6.1.2024 شاندێکی هەرێم گەیشتوونەتە بەغدا و تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکانیان لەبارەی موچەی فەرمانبەران و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەبێت.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە 964ی راگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق تەنیا پرسی نەوت و موچە باس ناکرێت، بەڵکو هەمواری بودجە پرسێکی دیکە دەبێت لەو بابەتانەی لەگەڵ بەغدا باسی لێوەدەکرێت.
وتەبێژی حکومەت ئەوەش دەڵێت، “ئێمە بەدوای چارەسەری یەکجارەکی ئەو پرسانەین”.
شاندەکەی هەرێم پێکهاتوون لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و ژمارەیەک راوێژکار.
دواینجار کە شاندی حکومەتی هەرێم بۆ پرسی موچە سەردانی بەغدایان کردووە، 27.11.2023 بوو، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوەیان کردبوو.