یانەی خاک گۆڕانکاری دەکات

964+

هێژا خەسرەو  ـ هەولێر

یانەی خاکی شاری کەرکووک بە پێچەوانەی پێشبینییەکان لە خولی پلە یەکی کوردستان ئەنجامەکانی باش نین و یانەکە دەیەوێت لە ئێستاوە خۆی کۆبکاتەوە و گۆڕانکاری تەواو لە یانەکەیدا دەکات.

دارا محەمەد راهێنەری نوێی یانەکەیە و سەبارەت بە تیپەکەی بۆ 964 قسەیکرد و وتی، “لەگەڵ کارگێڕی یانەی خاک رێککەوتم و هەموو پاڵپشتییەکیان بۆ دووپاتکردمەوە، منیش دەمەوێت چەند یاریزانێک بگوازمەوە یانەکەم و لەوانە یاریزانی پێشووی یانەکەمانی تێدایە”.

دارا دەڵێت: فەرحان شکور بۆ چەند یارییەک دەبێتە یاریزانی ئێمە، لەگەڵ حەمە ئیتۆ قسەمان کردووە، ئێمە و ئەویش پێی خۆشبوو بگەڕێتەوە، بەڵام بارودۆخی یانەکەی وا ناخوازێت و یانەکەی دەستبەرداری نابێت، ئەم یاریزانانە پێشتر لە یانەکەمان یارییانکردوە.

راهێنەرەکەی خاک کە یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق بووە زیاتر وتی: لە ماوەی گواستنەوەی یاریزاناندا حەوت بۆ هەشت یاریزان دەگوازینەوە یانەکەمان، ئامانجمان ئەوەیە ئەمساڵ لە خولی پلە یەک بمێنینەوە و لە داهاتوودا کار بۆ سەرکەوتن و پلەکانی پێشەوە بکەین.

سەبارەت بەوەی بۆچی بووە راهێنەری خاک، ئەو راهێنەرە ئاماژەی بەوەکرد، لەبەر هۆکاری تایبەت بە خۆم و ماڵەوە بڕیارمدا لە کەرکووک بمێنمەوە، پێش ئەوەی ببمە راهێنەری خاک دوو یانەی خولی نایابی کوردستان لەسەرهێڵ بوون، بەڵام لەبەر ئەم هۆکارەی باسمکرد رەتمکردەوە.

یانەی خاک لە خولی پلە یەکی کوردستاندا حەوت یاری ئەنجامداوە تەنها خاوەنی پێنج خاڵە

پێداچوونەوە: توانا نەقی