وەک کێبڵى لێدەکرێت

داواى رووپۆشکردنى تەلى کارەباى ستونەکان دەکرێت

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

بەشى رۆژئاواى کارەباى سلێمانى، داواى رووپۆشکردنى تەلى کارەباى ستونەکان دەکات و ئەندازیارێکیش دەڵێت: مەترسى کارەباگرتن کەم دەبێتەوە.

چالاک عەبدولکەریم، ئەندازیار و لێپرسراوی هۆبەی GIS لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی- بەشی رۆژئاوا بە 964ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر بە تەلی کارەبای ستوونەکان تووشی کارەباگرتن دەبن، داوامان کردووە تەلەکان بە تەلی رووپۆشکراو بگۆڕدرێن.

بە وتەى ئەو ئەندازیارە، تەلى کارەباى چەند شوێنێک بەتایبەت پێویستیان بە رووپۆشکردنە، بەتایبەت ئەو تەلانەى نزیک بینا و باڵەخانەکانن، یان ئەوانەى لەناو دارستانەکاندان، چونکە لە حاڵەتى بوونى رەشەبا ئەگەرى کەوتنەوەى ئاگر دروست  دەبێت.

“جاری وا هەیە کارەبای دوو فیدەر بە عەمودێکدا رۆیشتووە و لە کاتی کارکردنی کارمەندانمان دەبێت هەردوو فیدەرەکە کارەباکەی ببڕدرێت، ئەگەر تەلەکان رووپۆشکرابن، پێویست بە کارەبا بڕین ناکات و مەترسیش ناکەوێتە سەر کارمەندانى کارەبا”، ئەو ئەندازیارە واى بە 964 وت.

هەرچەندە بابەتى روپۆشکردنى تەلەکانى کارەباى ستونەکان تەنها داواکارییە و تائێستا وەڵام نەدراونەتەوە، بەڵام وەک ئەو ئەندازیارە باسى لێوە دەکات، ئەگەر تەلەکان روپۆش بکرێن، مەترسییەکان کەمدەبنەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح