دوای سێ رۆژ
کۆتایی بەخۆپیشاندانی خەلەکان هات و ئەمشەو رێگاکە دەکرێتەوە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
سێ رۆژ دەبێت هاوڵاتیانی ناحیەی خەلەکان و گوندەکانی دەوروبەری دژی کەمی کاتەکانی کارەباو تێپەڕینی بارهەڵگرەکان بەناو ناحیەکەدا رێگای سەرەکی خەلەکان بۆ ئیدارەی راپەرینیان بەڕووی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا داخستبوو، بڕیارە ئەمشەو رێگاکە بکەنەوەو کۆتایی بەخۆپیشاندان بهێنن.
ئەمشەو هەریەک لە سیروان لالە سەرحەد قائیمقامی قەزای دوکان و کامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان لە گوندی کانی وەتمان لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران کۆبونەوە بەمەبەستی کردنەوەی رێگاکەو جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران.
نوێنەرێکی خۆپیشاندەران کە بەشداری کۆبونەوەکەی کردووە نەیوسیت ناوی بهێندرێت بە 964ی وت، “دوای کۆبونەوەمان بۆماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لەگەڵ بەرپرسان، بەڵێنی ئەوەمان پێدرا کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانیمان بۆ زیاد بکەن، لە کاتژمێر دووی دوای نیوەڕۆوە بۆ کاتژمێر چواری بەیانی بێت.
ئەوەشی وت، بۆ هاتووچۆی بارهەڵگرەکانیش بەڵێنی چارەسەرکردنیان پێداین بۆیە ئەمشەو رێگاکە دەکەینەوەو کۆتایی بەخۆپیشاندانەکەمان دەهێنین.
کامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری ناحیەی خەلەکان بە 964ی وت، “کۆبونەوەکەمان بەرهەمدار بوو، بەڵێنی ئەوەمان پێداون کاتژمێرەکانی کارەبایان بۆزیاد بکەین و بۆ رێگای بارهەڵگرەکانیش لە رۆژی یەکشەمەوە کاری بۆدەکەین”.
سەبارەت بە ژمارەی کاتژمێرەکانی کارەبا بەرێوەبەری ناحیە ئاماژەی بەوەدا ” ئەوە نهێنی کۆبونەوەکەیەو جارێ ئاشکرای ناکەین و بەس کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبایان بۆ زیاد دەکەین و ئامێری شۆفڵمان ناردوە بۆئەوەی ڕێگایەکە بکەینەوە”.