650 حەوز تێکدران

قۆناغى دووەمى تێکدانى حەوزە ماسییەکانى داقوق دەستیپێکرد

964+

سیروان خورشید- دوزخوماتوو

بە بڕیارى وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکانى عێراق، قۆناغی دووەمی روخاندنی حەوزى ماسییەکانی قەزای داقوق دەستیپێکرد و هەموو حەوزە زێدەڕۆکان دەڕوخێندرێن.

دیار عەبدوڵا، بەرپرسی بەشی ئاودێری کەرکوک بە 964ـی وت،” لە بەیانی ئەمڕۆوە دەستکراوە بەروخاندنی ئەو حەوزانەی کە لەسنوری داقوق ماون و بە نایاسایى دروستکراون”.

هەرچەندە تائێستا 650 حەوزى ماسى لەناوبراون، بەڵام بە وتەى دیار عەبدوڵا، زیاتر لە 500 حەزى دیکەش ماون بڕوخێندرێن و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت تا سەرجەم حەوزەکانی ماسی کە بەشێوەی سەرپێچی دروستکراون لەناو دەبرێن.

“هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و دوای ئەم هەنگاوەش دەستدەکەن بە روخاندنی حەوزەکانی ماسی سنوری قەزاو ناحیەکان کەرک”، بەرپرسى بەشى ئاودێرى کەرکوک واى بە 964 وت.

“خاوەن حەوزەکانى ماسى نیگەرانن”

خالید مەجید، خاوەنى یەکێک لە حەوزەکانى ماسییە، قسەى بۆ 964 کردووە و وێڕاى دەربڕینى نیگەرانییان وتى،” ئێمەی کاسبکار بژێوی ژیانمان لەسەر حەوزی ماسییە بۆیە تێكدانیان زەرەر و زیانی زۆری لێداوین”.

قەزای داقوق لەرووی سامانی ماسییەوە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەناوبانگە بۆ بەخێوکردن و دروست کردنی حەوزی ماسی، زیاتر لە 30هەزار حەوزی ماسی لە سنورەکە بوونى هەبووە، بەڵام بەو بڕیارە بەشێکى زۆرى حەوزەکان دەڕوخێنرێن و تێکدەدرێن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح