100% بەرز بووەتەوە
لەمساڵدا گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا 140 هەزار عێراقى ئاوارە کردووە
964+
وریا فەتاح
لە ساڵی 2023دا، رێژەی ئاوارەبوون بەهۆی گۆڕانکارى کەشوهەوا لە عێراق، بەراورد بە ساڵى رابردوو بە ڕێژەی نزیکەی 100% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
لەم ساڵانەی دواییدا دوژمنێکی بێدەنگ لە باشورى عێراقەوە، رێگەى خۆى بۆ داگیرکردنى عێراق دۆزییەوە، کەمبونەوەى ئاو لە هەردوو رووبارى دیجلە و فوڕات دەنگى مەل و باڵندە و دانیشتوانەکانى ناچار بە جوڵە و کۆچ کردووە، باخچەکانى دارخورما و پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بەرە بەرە بەرەو کۆتایى دەچن.
داتاکانی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بۆ عێراق دڵخۆشکەر نین، تا کۆتایی ساڵی 2022، ژمارەی ئاوارەکان لە عێراق بەهۆى گۆڕانکارى کەشووهەواو وشکەساڵییەوە، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور، زیاتر لە 68 هەزار کەسی ئاوارە کرد.
لە 2023دا، ژمارەکان گەورەترن، بەشێوەیەک تا ناوەڕاستى مانگى ئەیلول ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانکارى کەشووهەوا لە عێراق ئاوارەبوون، گەیشتە زیاتر لە 130 هەزار کەس.
بەم پێیە لەماوەی 10 مانگدا رێژەی ئاوارەکان زیاتر لە 91% زیادی کردووە، بە ڕێژەی زیاتر لە 6 هەزار ئاوارە لە مانگێکدا، رێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى پێشبینى کردووە تا دوا رۆژى 2023، ژمارەى ئاوارەکان 140 هەزار کەس تێپەڕێنێت.