ئێوارەی ئەمڕۆ

لە کەرکوک خاوەنی سێ کیلۆ مادەی هۆشبەر دەستگیر کرا

964+

ژووری هەواڵ

کەسێک بەتۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ئەو مادە هۆشبەرانە دەستگیرکرا کە ئەمڕۆ لەنێو باڵەخانەیەک لە نزیک شەقامی پارێزگای کۆنی کەرکوک دۆزرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27.12.2023، فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، هێزەکانیان لەسەر بنەمای زانیاری ورد توانیویانە دەست بەسەر دوو هەزار و 700 گرام مادەی هۆشبەردا بگرن، بەڵام تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ خاوەنەکەی نادیار بوو.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی 964 دەستیکەوتووە، ئەو مادانە لە رێگەی هەواڵدەرێکەوە دۆزراوەتەوە و دەستیبەسەردا گیراوە و هەر ئەم ئێوارەیە کەسێک بە تۆمەتی بەکارهێنانی ئەو مادانە دەستگیر کراوە.

کاوە غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک دەستگیر کردنی تۆمەتبارەکەی بۆ 964 پشتراستکردەوە و راگەیاند، مادەکان لەنێو باڵەخانەیەکی شەقامی پارێزگای کۆندا شاردراونەتەوە و دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر لەلایەن بنکەی پۆلیسی قۆریەوە دەستیبەسەردا گیراوە و بە پێی تایبەتمەندی دۆسیەکە رەوانەی بەڕێوەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان کراوە.

مادەکان لە جۆری کریستاڵن و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە، بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە لە پەیوەندییان بە کەیسەکەوە هەیە و تێوەگلاون.

نزیکەی سێ کیلۆ مادەی هۆشبەر لە کەرکوک دەستیبەسەردا گیر...

نزیکەی سێ کیلۆ مادەی هۆشبەر لە کەرکوک دەستیبەسەردا گیرا