چوار رێنمایی بڵاوکردووەتەوە
هاتوچۆی سۆران شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە
964+
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران چوار رێنمایی بڵاوکردووەتەوە و داوا دەکات شۆفێران بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان، لەکاتی بارانی بەلێزمەدا پەیڕەویان بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 25.12.2023، ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی هاتوچۆی سۆران بە 964ـی راگەیاند، پێویستە لەکاتی بارانی بەلێزمەدا شۆفێران ماوەی سەلامەتی نێوان خۆیان و ئۆتۆمبێلی پێش خۆیان لە سێ – چوار چرکەوە بۆ شەش – حەوت چرکە زیادبکەن.
باسی لەوەش کردووە، دەبێت شۆفێران لە کاتی بارانی بەلێزمە لایتی نزم بەکار بهێنن و نابێت بە هیچ شێوەیەک لایتی بەرز کار پێبکەن.
رێنماییەکی دیکە ئەوەیە کە دەبێت فڵچەکان بە شێوەیەکی رێکوپێک و بە باشی بەکاربهێندرێن و شۆفێران لە خێرایی دیاریکراوی شەقامەکان خاوتر شۆفێری بکەن.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە کەشێکی باراناوی رووی لە سۆران و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کردووە، لەو کاتەوە تا ئیسا دوو رووداوی هاتوچۆ لە سۆران روویانداوە و کەسێک بریندار بووە.