دادگاى بەرایى کەلار بڕیاریدا

لەسەر راگرتنى ئۆتۆمبێل لە تەنیشت شەقامەکانى کەلار پارە لە شۆفێران وەردەگیرێت

964+

وریا فەتاح

ماوەى زیاتر لە ساڵێکە، لەسەر راگرتنى ئۆتۆمبێل لە تەنیشتى شەقام و شۆستەکانى ناو بازاڕ پارە لە شۆفێران وەردەگیرێت، شارەوانى کەلار دەڵێت: گرێبەستمان هەیە و یاساییە، بەلام دادگاى کەلار بڕیاریدا بە نایاسایى بوونى ئەو گرێبەستە.

بەپێى بەدواداچونەکانى 964، ماوەى زیاتر لە ساڵێکە، شارەوانى کەلار تەنیشت شەقام و شۆستەکانى ناوبازاڕى بەکرێداوە ولەبەرامبەر راگرتنى ئۆتۆمبێل پارە وەردەگیرێت، بەڵام 18 دوکاندار ناڕازى بوون و پارەیان نەداوە.

964، زانیویەتى، گرێبەستەکە لە نێوان شارەوانى و لایەنێک ئەنجامدراوە و لایەنى بەرامبەر ساڵانە نزیکەى 100 ملیۆن دینار دەدات بەشارەوانى کەلار، ئەوەش لەپاى ئەو پارەیەى لەو ئۆتۆمبێلانە وەرى دەگرێت کە لەتەنیشت شەقام و شۆستەکانى ناوبازاڕى کەلار رادەگیرێن.

سۆران حسێن، پارێزەرى یەکێک لە دوکاندارەکان بە 964ى وت،”شارەوانى کەلار گرێبەستێکى هەیە لەگەڵ کەسێک، ئەو کەسە بۆ ماوەى سێ ساڵ تەنیشت شەقام وشۆستەکانى ناوبازاڕى کەلارى بەکرێ گرتووە، بەڵام ژمارەیەک دوکاندار رێگرییان کردووە لەوەى لەسەر وەستاندنى ئۆتۆمبێل لەبەردەمى دوکانەکانیان پارە وەربگیرێت”.

ئاشکراشى کرد، لایەنى بەرامبەر سکاڵاى لەسەر دوکاندارەکان تۆمارکردووە و داواى یەک ملیۆن و 50 هەزار قەرەبوو دەکات بۆ ماوەى ساڵێک، بەڵام دادگاى بەرایى کەلار بڕیاریدا بە رەتکردنەوەى داواکە و گرێبەستى شارەوانى و کەسەکەى بۆ بەکرێدانى شەقامەکان، بە پوچەڵ هەژمار کردووە.

پارێزەرەکە جەختیش دەکاتەوە، بەپێى یاساى بەکرێدان و فرۆشتنى ماڵ و موڵک، هیچ دەقێکى یاسایى نییە باس لە بەکرێدانى شەقامەکان بکات و پێچەوانەى مادەکانى 15 و 17ى دەستورى عیراقیشە.

هەرچەندە بڕیارەکەى دادگاى بەراىی کەلار کۆتایى نییە و لایەنى بەرامبەر دەتوانێت داواى پێداچونەوە بکات، بەڵام بەوتەى ئەو پارێزەرە ئەگەر بێت و بڕیاریان لە دژ بدرێتەوە، سکاڵاکە دەبەنە دادگاى تەمیز.

لاى خۆیەوە، ئەکرەم ساڵح سەرۆکى شارەوانى کەلار بە 964ى وت، “دادگاى کەلار لەسەر بەردەمى ماڵان بڕیاریداوە و ئاگادارى هیچ شتێکى دیکە نین، ئێمە بەشى یاساییمان هەیە و هیچ قسەیەکى لەسەر ناکەین تا بڕیارەکە بەدەستمان نەگات”.

سەرۆکى شارەوانى کەلار وێراى ئەوەى جەخت لە یاسایى بوونى گرێبەستەکە دەکاتەوە دەشڵێت: گرێبەستمان هەیە و لەخۆیەوە پارە لە خەڵک وەرناگیرێت، ئەو بابەتە یاساییە و دەسەڵاتى ئەنجومەنى شارەوانییە کە تەنیشتى شەقامەکان و شۆستەکان بەمەبەستى رێکخستن بەکرێ بدات.

ئاگاداربن لە کەلار شەقامێکی سەرەکی دادەخرێت

ئاگاداربن لە کەلار شەقامێکی سەرەکی دادەخرێت