لە کەمپەکانی دهۆک کۆرۆنا هەیە و ڤاکسین نییە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

سێ مانگە بنکەی تایبەت بە پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا لەناو کەمپی ئاوارەکانی پارێزگای دهۆک نەماوە، ئەوە لەکاتێکدایە ناو بە ناو ڤایرۆسەکە سەرهەڵدەداتەوە.

لە ئێستادا، بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئاوارەکان پێویستە سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن لە ناوەندی شاری دهۆک.

دووری نێوان هەر کەمپێک و ناوەندی شاری دهۆک 20 بۆ 30 خولەکە بە ئۆتۆمبێل.

دکتور ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای دهۆک بۆ 964+ی باسکرد، کە هۆکاری داخستنی بنکەکانی ڤاکسین لەناو کەمپەکاندا “دەگەڕێتەوە بۆ راگرتنی هاوکارییەکان لە لایەن رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان”.

بە قسەی ئەو، هوکاری راگرتنی هاوکارییەکانی یوئێن و رێکخراوەکانی تر بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە وەزیری پێشووی دارایی حکومەتی عێراق لە مانگی 6ی ساڵی رابردوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی وتوویەتی “پارەمان هەیە و ئەگەر یوئێنیش دەیەوێت پارەیان دەدەینێ”.

دیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک بە 964+ ـى وت، سێ بۆ چوار مانگە هەموو بنکەکانی دانانی ڤاکسین لەناو کەمپەکان داخراون، ئەوەش بەهۆی ئەوەی رێکخراوەکان هاوکارییەکانی خۆیان کەمکردووە، لە لایەکی تر، شێوازی پێشکەشکردنی هاوکارییەکانی خۆیان گوڕیوە “پێشتر هاوکاری وەکو پارە و ئەرزاق و پشتگیری دارایی لە بنکەکانی تەندروستییان دەکرد، ئێستا تەنیا کار لەسەر پەرەپێدانی تواناکانیان دەکەن و زیاتر خولی مەشق و راهێنانیان بۆ دەکەنەوە لە بواری جۆراوجۆر”.

ئاوارەکانی شنگال و نەینەوا لە 2014ەوە لە 15 کەمپی پارێزگای دهۆک دەژین، ژمارەیان 26 هەزار و 963 خێزانە.

ئەوە جگە لەوەی، ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپ، 38 هەزار و 255 خێزانە، بەگوێرەی داتای فەرمانگە پەیوەندیدارەکان.