"ژەهراوی بوونێکی ترسناک بوو"
ئەوانەی لە سۆران ژەهراوی بوون بەدەرزییەکی یەک دەفتەر دۆلاری چارەسەرکران
964+
توانا نەقی
لە کۆتایی مانگی 10 ئەمساڵ پێنج کەس لە خانەوادەیەکی سۆران تووشی ژەهراوی بوونێکی دەگمەن بوون و ئێستا لە رێگەی دەرزییەکی دەگمەنەوە کە نرخی هەر دەرزیەکی 10 هەزار دۆلارە و بە تەواوەتی چارەسەر کران.
ژەهراوی بوونەکە ناوی “بۆتۆلیزمە” و زۆر دەگمەنە لە جیهاندا، دەوترێت ئەو خانەوادەیە بەهۆی خواردنی پەنیرەوە دووچاری ژەهراوی بوون هاتبوون، بەردەوام لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدا بوون.
د.سەرکار سورچی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، ژەهراویبوونەکە زۆر دەگمەن و کوشندەیە ئەو خانەوادەیە لە هەولێر لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدا بوو.
وتیشی، پێویستیان بە جۆرە دەرزییەک بووە کە لە هەرێم و عێراق دەستنەدەکەوت و تایبەت بووە بە ئەو ژەهراویبوونە، بۆیە بە ناچاری لە دەرەوەی وڵاتەوە دەرزییەکانیان پەیدا کردووە.
وتەبێژی وەزارەت دەڵێت، دەرزییەکان نرخی یەک دانەی زیاترە لە 10 هەزار دۆلار واتە پێنج دەرزییەکە کە بۆ ئەو خانەوادەیە بەکار هاتوون تێچووەکەی زیاتر بووە لە پێنج دەفتەر دۆلار لەسەر ئەرکی وەزارەتی تەندروستی کڕدراوە .
لە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر دەرزییەکان بۆ ئەو نەخۆشانە بەکارهاتوون و بە تەواوەتی چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵی خۆیان.
ئەو ژەهراوی بوونە دەگمەنە کۆمەڵێک نیشانەی بەهێزی هەیە لەوانە، تەنگەنەفەسی، سەرئێشە، سکئێشە و سکچوون بە جۆرێک کە دەبێتە هۆی مردنی کەسەکە، دکتۆر سەرکار سورچی وای وت.
بەپێی قسەی وەزارەتی تەندروستی ئەو خانەوادەیە لە ماڵەوە ژەهراوی بوون و لە هیچ چێشتخانەیەکی دەرەوە توش نەبوون.