دیمه‌نى به‌شێك له پڕۆژه‌ى دووسایدی هه‌ولێر - شه‌قڵاوه له‌نزیك ناحیه‌ى كۆڕێ ... وێنه: كاڤین گروپ
تونێلى ماوه‌ران بۆ مامه‌جه‌لكه ده‌ستپێده‌كات
دوو هه‌فته‌ى دیكه دووسایدی هه‌ولێر – شه‌قڵاوه ته‌واوده‌كرێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بڕیاره له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى داهاتوو كاره‌كانى پڕۆژه‌ى دووسایدی هه‌ولێر – شه‌قڵاوه ته‌واو بكرێت و دواى ته‌واوبوونیشی كارى ته‌واوكردنى تونێلى ماوه‌ران بۆ مامه‌جه‌لكه ده‌ستپێبكات.
ئه‌ندازیار رێكان حسێن، سه‌رۆكى شاره‌وانى شه‌قڵاوه به 964ـى وت، لیژنه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه سه‌ردانى پڕۆژه‌ى دووسایدى هه‌ولێر – شه‌قڵاوه‌یان كرد و به‌پێی هه‌موو پێشبینییه‌كان له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى داهاتوو، كاره‌كانى ته‌واو ده‌كرێن.
وتیشی ” ئه‌گه‌ر باران نه‌بێته رێگر كاره‌كانى له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌واو ده‌كرێن”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، پڕۆژه‌كه ته‌نیا ورده‌كارى ماوه بۆیه له‌و كاته نزیكه ته‌واو ده‌كرێت.
ئاشكراشی كرد، له‌سه‌ر ئه‌م دوو سایده‌ى له‌نزیك رێگه‌ى ناوچه‌ى پیشه‌سازى شه‌قڵاوه بڕیار دراوه پردێكى په‌ڕینه‌وه‌ى ئۆتۆمبێل دروستبكرێت بۆ ئه‌وه‌ى هاتوچۆى ناوچه‌ى پیشه‌سازى له‌و دوو سایده داببڕێندرێت.
به‌قسه‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانى شه‌قڵاوه، قۆناغى كاركردنى دواى ته‌واوبوونى ئه‌م دوو سایده رێگاى تونێلى ماوه‌رانه بۆ تونێلی مامه‌جه‌لكه، كه به هۆیه‌وه هاتوچۆى شۆفێران خێراتر ده‌بێت و چیتر شۆفێران به رێگاى شه‌قڵاوه هاتوچۆ ناكه‌ن.