لە سۆران مامەڵەی پاسپۆرت کرایە سیستمی ئەلیکتڕۆنی
964+
ئاکام غەفور-سۆران
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21.12.2023 لە سۆران بە ئامادەبوونی بەڕێوبەری گشتی پاسپۆرتی هەرێم سیستمی مامەڵەی پاسپۆرت بە ئەلیکترۆنی، کارا کرا.
سیستمەکە بە شێوەیەکە هاوڵاتیان لە رێگای بەرنامەی موبایل ناویان تۆمار دەکەن، رۆژ و کاتیان بۆ دیاری دەکرێت کە سەردانی بەڕێوبەرایتییەکە بکەن.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە 964ـی وت: ”لەمەودوا هاوڵاتیان بە شێوەیەکی ئاسان مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت دەکەن”.
لە رێگای ئەو سیستمە هاوڵاتیان لە ماوەی 24 کاتژمێر دەتوانن ببن بە خاوەنی پاسپۆرت، ماوەی نیو کاتژمێری دەوێت بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان.
وتیشی: “لە دوای پارێزگاکان ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکەم شوێن بووە کە مامەڵەی پاسپۆرتی کراوە بە ئەلیکتڕۆنی”.
لە ناوەڕاستی مانگی پێنجی ئەمساڵەوە کارکردن بۆ دانانی سیستمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
پێداچوونەوە: موحسین عومەر