وتەبێژى کۆمیسیۆن بۆ 964 ئاشکراى دەکات

راگەیاندنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکە دوادەکەوێت؟

964+

وریا فەتاح

پڕۆسەى ژماردنى دەستى و ئەلیکترۆنى دەنگەکان هاوتان و تا کاتژمێر یەکى دوا نیوەڕۆى ئەمڕۆش، زیاتر لە 92%ى دەنگەکان جیاکراونەتەوە.

جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق قسەى بۆ 964 کردو وتى،”رێژەى بەشدارى دەنگدەرانى گشتى 41% بووە و تا کاتژمێر 1:00ى دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ، لە کۆى زیاتر لە 38 هەزار وێستگە، دەنگى زیاتر لە 35 هەزار وێستگە جیاکراونەتەوە و دەرکەوتووە ژماردنى ئەلیکترۆنى و دەستى هاوتاى یەکترین”.

وتەبێژى کۆمیسیۆن باسى لەوەشکرد، 69 سکاڵامان پێگەیشتووە و دەبێت لیژنەکانى کۆمیسیۆن بەدواداچونى بۆ بکەن، هەتا سکاڵاکان یەکلایى نەکرێنەوە، ئەنجامى کۆتایى راناگەیەنرێت.

جەختیش دەکاتەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە کاتى راگەیاندنى ئەنجامى بەرایى نییە و بەپێى یاسا، کۆمیسیۆن دەبێت کاتژمێر 5:00ى ئێوارەى ئەمڕۆ، ئەنجامى بەرایى رابگەیەنێت کە دەکاتە 24 کاتژمێر دواى دەنگدان.