وەک چارەسەر خواردویانەتەوە
13 کەس بە میزى وشتر مردن
964+
وریا فەتاح
لە سعودیە 13 توشبوى شێرپەنجە، بەهۆى وەرگرتنى میزى وشتر وەک چارەسەر، گیانیان لەدەستدا، بەرێوەبەرى نەخۆشخانەى نانەکەلى تایبەت بە شێرپەنجەش دەڵێت: ئەو بابەتە لە دەرەوەى زانسیتى پزیشکییە و زۆر جار بە مەرگى نەخۆش کۆتایى دێت.
هومام عەقیل، پسپۆڕى بەرگرى لەش لە وڵاتی سعودیە لە بەرنامەى پۆدکاسىتى ثمانيە رایگەیاند: لە سعودیە 13 کەس بەهۆى پزیشکێکەوە کە بانگەشەى چارەسەرکردنى توشبوانى شێرپەنجە دەکات بەمیزى وشتر، گیانیان لەدەستداوە.
عەقیل لە چاوپێکەوتنێکى میدیاییدا ئاشکراى کردووە، ماوەیەک لەمەوبەر پزیشکێک چووەتە لایان و بانگەشەی ئەوەى کردووە کە بە میزی وشتر چارەسەری شێرپەنجە دەکات.
رونیشى کردووەتەوە، حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجە هەبووە کە دەکرا بە ئاسانی بارودۆخەکەیان چارەسەر بکرایە، بەڵام نەخۆشخانەیان بەجێهێشت و چوونەتە لای ئەم پزیشکە.
بەپێى قسەى هومام عەقیل، کاتێک نەخۆشەکان چونەتە لاى پزیشکەکە، بە شیر و میزى وشتر دەستیان بە وەرگرتنى خولى چارەسەر کردووە، بەو هۆیەوە 13 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لەسەر ئەو بابەتە، 964 پەیوەندى بە دکتۆر هەردى جەواد، پسپۆڕى نەخۆشییەکانى شێرپەنجەى خوێن و بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى نانەکەلى تایبەت بە شێرپەنجە کرد و وتى،”زانستى پزیشکى هەمووى یاسایە، نەخۆش و جۆرى نەخۆشى دەستنیشان دەکرێت، بەپێى ئەوە چارەسەر دیارى دەکرێت، بەڵام کە یەکێک بە ئارەزوى خۆى چارەسەرێک دەدۆزێتەوە بە دڵنیاییەوە دەرەنجامەکەى یان زۆر خراپە یان هیچ کاریگەرییەکى نییە”.
جەختیش دەکاتەوە، هەر شتیک لە دەرەوەى رێنمایى و زانستى پزیشکى بێت سودى نییە، کۆمەڵێک نەخۆشى هەیە نەخۆش دەتوانێت لە رێگەى وەرگرتنى چارەسەرەوە لەگەڵى بژیت، بەڵام زۆر جار نەخۆش شتێکى تر دەخوات دەڵێت پێى چاکبومەوە، بەڵام ئەوە هیچ بنەمایەکى نییە.
ئەو پسپۆڕە، وتیشى،”ئەو بابەتانەى وەک میزى وشتر و ئاوى پیرۆز چارەسەرى پزیشکى نین و بێ خاوەنن”.