لە سلێمانی
دەست بە 10 پڕۆژەی تەواونەکراوی هەڵگرتنەوەی مین دەکرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
لە سنووری پارێزگای سلێمانی بودجە بۆ 10 پڕۆژەی تەواونەکراوی هەڵگرتنەوەی مین دابین کرا، کە هی ساڵانی رابردوون و جێبەجێ نەکراون.
ئەو 10 پڕۆژەیە هی ساڵانی 2011 تا 2015ـن و مابوونەوە و جێبەجێ نەکرابوون و بە پێی زانیارییەکانی 964ـیش، هۆکاری جێبەجێنەکردنیان نەبوونی بودجە بووە.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین بە 964ـی راگەیاند، حكومەتی عێراق بڕی سێ ملیار و 800 ملیۆن دیناری بۆ بەگەڕخستنەوەی ئەو پڕۆژانە لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا تەرخان کردووە، “بەڵام فریانەکەوتین ئەمساڵ بەگەڕیان بخەینەوە و ساڵی 2024 سەرجەمیان تەواو دەکرێن”.
وتیشی، “هەندێک لەو پڕۆژانە کاری کەمیان ماوە، هەندێکی تریان نیوەیان کراوە و بەشێکیشیان کاریان تێدا نەکراوە، بۆیە هەر کۆمپانیایەک مابێت پڕۆژەکەی دەدرێتەوە و ئەگەر نەشمابێت پڕۆژەکان دەدرێن بە کۆمپانیای دیکە”.
لەو 776 کیلۆمەتر زەوییەی لە هەرێمی کوردستان بە مین چێندرابوو 60%ـی دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی و لەو رێژەیەش 521 کیلۆمەتر لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە مین پاککراوەتەوە.
“دواکەوتنی پڕۆژەکان تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەیە و لە سنوورەکانی تر سەرجەمیان جێبەجێ کراون”، جەبار مستەفا وادەڵێت.