قایمقامیەتی قەزای بازیان - وێنە: 964
شارەوانیش قسەی هەیە
هاوڵاتیانی گەڕەکی پێشەوای بازیان خۆیان کۆڵانەکان چەوڕێژ دەکەن
964+
پێشەوا محەمەد
دانیشووانی کۆڵانەکانی گەڕەکی پێشەوا لە ناوەندی قەزای بازیان خۆیان دەستیان بە چەوڕێژکردنی کۆڵانەکانیان کردووە و شارەوانیی بازیانیش دەڵێت، کارەکە دراوە بە کۆمپانیا و چاوەڕێی وەرگرتنی پارەن.
ئەو گەڕەکە 26 کۆڵانە و پیشتر کۆمپانیا کاری بڕین و رێککردنی بۆ کردووە، بەڵام بەهۆی وەرنەگرتنی سلفەوە کاری قیرتاوکردنی راگرتووە و چاوەڕێی سلفەیە.
نەوزاد جەلال، سەرۆکی شارەوانیی بازیان بە 964ـی راگەیاند، کارەکە دراوە بە کۆمپانیا و ئێستا چاوەڕێی سلفەن، بەڵام بە وتەی ئەو، دانیشتوانی ئەو کۆڵانانە ناتوانن یەک دوو مانگ چاوەڕێ بکەن تا کۆمپانیا پارە وەردەگرێت و دەست بە کارەکانی دەکات.
وتیشی، “پێشتر وتمان کۆمپانیا کاری بڕینی کۆڵانەکان نەکات بۆ ئەوەی ئەگەر تا بارانبارین بۆی قیرتاو نەکرا، کۆڵانەکان نەبن بە قوڕولیتە، بەڵام دانیشتووانەکانیان وتیان دەبێت کاری بڕین بۆ هەموو کۆڵانەکان بکرێت”.
گەڕەکی پێشەوا یەکێک لە کۆنترین گەڕەکەکانی ناوەندی قەزای بازیانە و تا ئێستا کۆڵانەکانی قیرتاو نەکراون.
“ئێستا کە هاوڵاتیان چەوڕێژی کۆڵانەکانیان دەکەن، کێشە بۆ کارکردنی کۆمپانیاکە دروست دەکەن و لە داهاتوودا کارکردن لە کۆڵانەکانیان دوادەکەوێت”، ئەوەش قسەی سەرۆکی شارەوانیی بازیانە.