"100 دار لەناو براوە"
دارستانی ئاکرێ: قبوڵمان نییە کەندەکەی گەڕەکی شەهیدان تێک بدەن
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لەسەر کارێکی شارەوانیی ئاکرێ بۆ تەختکردنی کەندێکی پڕ لە دار لە گەڕەکی شەهیدانی قەزاکە، بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی ئاکرێ لە شارەوانی تووڕەیە و دەڵێت کارەکە رادەگرن.
بڕیارە شوێنی کەندەکە بۆ دروستکردنی بینا سوودی لێ وەربگیردێت، هەروەک خۆڵی کەندەکەش بۆ راکێشانی رێگا بەکاربهێندرێ.
ئەمڕۆ دووشەممە 11.12.2023، بڵند زوبێر، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ بە 964ی وت، کەندەکە بەبێ راوێژکردن، داریان تێدا چاندووە، بۆ ئەوەی زیادەڕەوی تێدا نەکریت لەلایەن هاوڵاتیانەوە، شوێنەکە موڵکی شارەوانییە، بەڵام لە ماستەرپلانەوە شوێنی بینایەی حکومییە.
964 بەرگریی شارستانیی ئاکرێ دێنێتە سەرخەت
رووبەری کەندەکە، نزیکەی هەشت هەزار مەتر چوارگۆشەیە، بەوتەی سەرۆکی شارەوانی بێت چەند ساڵێکە سوود لە هەڵکەندنی بەرزاییەکانی کەندەکە وەرگیراوە و تێکەڵەی لێ دەرهێنراوە، ئێستاش دەیانەوێ بەو رێگەیە، شوێنی دروستکردنی بیناکان تەختی زەوی بکەن.
“شارەوانی دان بەوەدا دەنێت، کە لە ئەنجامی کارەکانیان ژمارەیەک دار شکێندراوە”، لەسەر ئەم کارە، محەمەد جولی، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی ئاکرێ بە 964ی وت، لەم چەند ساڵەدا نزیکەی 100 دار لە ناوبراوە لە کەندەکەدا، پێشتر بە نووسراوی فەرمی داوامان کردووە کارکردن لەم شوێنە رابگیرێت و قبوڵی شکاندنەوە و لەناوبردنی دارەکانی ناکەین.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا