پەیوەندی بە یارییەکەی لەگەڵ زەوڕا هەیە
یانەی دهۆک سکاڵای لەسەر ناوبژیوانێک تۆمارکرد
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
دوای ئەوەی یانەی دهۆک لە گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لەگەڵ یانەی زەوڕا دووچاری شکست هات، یانەکە پێی وایە ناحەقیان بەرامبەر کراوە و سکاڵا لەسەر ناوبژیوانی یارییەکە تۆمار دەکەن.
شڤان محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆک بە 964ی وت، “بە رێگەی ئۆنڵاین سکاڵامان لەسەر ناوبژیوان (یوسف سەعید) تۆمار کرد، پێمان وایە لە چوار حاڵەتی زەقدا دژی یانەکەمان وەستاوەتەوە، ئەو ناوبژیوانە پێشووتر لەلایەن لیژنەی ناوبژیوانانەوە سزای هەیە، پێشبینی دەکەین بەهۆی سکاڵاکەی ئێمە تا 10 یاری دووربخرێتەوە”.
بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دهۆک ئەوەش دەڵێت، “ئەو سکاڵایەی تۆمارمان کردووە پاڵپشتە بە ڤیدیۆیەک، روونمان کردووەتەوە چۆن ئەو ناوبژیوانە دژی یانەکەمان بڕیاری داوە، چاوەڕێی بڕیاری لیژنەکەین”.
یانەی دهۆک لە ریزبەندی هەشتەمە بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ و یانەی زەوڕاش لە ریزبەندی چوارەم دێت 14 خاڵی هەیە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی