ئەمڕۆ بۆ عێراقیەکان "رۆژی سەرکەوتن"ە

سێ ساڵەی رێکخراوی داعش لە عێراق

964+

وریا فەتاح

رۆژى 10ـى کانونى دووەمى هەموو ساڵێک، رۆژێکى مێژویی و لەبیرنەکراوە بۆ عێراقییەکان، چونکە لەم رۆژەدا سەرکەوتن بەسەر چەکدارانی رێکخراوی داعشدا راگەیەنرا کە دەستی بەسەر یەک لەسەر سێى خاکى عێراقدا گرتبوو.

هەر بۆیە ئەو کاتەى عەبادى سەرکەوتنى بەسەر ئەو رێکخراوە راگەیاند، بڕیاردرا رۆژى 10ى کانونى دووەمى هەموو ساڵێک، بکرێتە رۆژى سەرکەوتن و پشوو لە عێراق.

سێ ساڵى داعش لە عێراق

داعش کورتکراوەی (رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام)ە، رێکخراوێکە پەیڕەوی لە ئایدۆلۆژیا و عەقیدەی گروپە جیهادییە سەلەفییەکان دەکات لە ناوەڕاستى 2014ـەوە، داعش گەیشتە عێراق و لە ماوەى سێ ساڵدا توانى بەشێکى زۆرى خاکى عێراق داگیر بکات، لەوانە (نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەدین، و بابل، کەرکوک و دیالە).

دواى سێ ساڵ لە شەڕو روبەڕوبونەوە، لە 10ى تەموزى 2017 سەرۆک وەزیرانى ئەوکاتى عێراق، ئاڵاى وڵاتەکەى لە دواخاڵى سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە موسڵ هەڵکرد و رایگەیاند: راوەدونانى و روبەڕوبونەوەى چەکدارانى داعش لە ئەنبار و ناوچەکانى دیکە بەردەوامە.

رۆژى سەرکەوتن

دواى تێپەڕبونى پێنج مانگ بەسەر ئازادکردنى موسڵ، رۆژى 10.12.2017، دوا پێگە و هەناسەى داعش لە بیابانى رۆژئاواى ئەنبار و سەرسنورەکانى سوریا کۆتایى هات.

هەرچەندە لەو رۆژەدا حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى ئەوساى عێراق، سەرکەوتنى وڵاتەکەى بەسەر داعشدا راگەیاند، بەڵام ئاشکرایکرد بەهۆى داعشەوە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار زیان بەر کەرتە جیاجیاکانى عێرا بەرکەوتووە.

مەترسى داعش کۆتایى نەهاتووە

هەرچەندە هەوڵە هاوبەشەکانی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ڕێگەیان بە رزگارکردنی حەوت ملیۆن و 700 هەزار عێراقی و سوری دا کە لە ژێر دەستی ئەو ڕێکخراوە ئازاریان دەچەشت، بەڵام هێشتا بۆچونێک پێى وایە داعش هەڕەشەیەکی جدیە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و وڵاتانى ناوچەکە.

مەترسییەکانی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان

ئەو کاتەی داعش رووی لە ناوچەکە کرد، هەرێمی کوردستان لەو هێرشانە بەدەر نەبوو، شەنگال و مەخمور دوو دیارترین شوێنی هەرێمی کوردستان بوون کە رووبەڕووی پەلاماردان و کوشتن بوونەوە، هێزی پێشمەرگە رۆڵێکی کارای بینی لە رووبەڕوونونەوەی داعش، تا کۆتایی شەڕی داعش زیاتر لە هەزار و 800 پێشمەرگە لەپێناو پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستان گیانی خۆیان بەخشی.

لە رۆژئاواى کوردستانیش، هێزەکانى سوریاى دیموکرات هاوشێوەى پێشمەرگە، رۆڵێکى گەورەیان بینى لە روبەڕوبونەوە و تێکشکاندنى داعش، بەتایبەت لە شەڕى سەرکەوتنى کۆبانێدا.

رۆڵى هاوپەیمانان
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کە لە ئەیلوولی 2014 پێکهێنرا و جگە لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا 79 وڵاتی لەخۆى گرت، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێکخراوە لە چەند ئاستێکدا سەرکردایەتی شەڕی یەکلاکەرەوەی کرد:

مانگى یەکى 2015، کۆنترۆڵکردنەوەی شاری (کۆبانی) لە رۆژئاواى کوردستان.
مانگى حەوتى 2017، کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ لە عێراق.
مانگى 10ى 2017، ئازادکردنى شاری رەقە لە سوریا.

10.12.2017 دەسەڵاتدارانی عێراق ئازادکردنی هەموو ئەو زەوییانەیان راگەیاند کە لەژێر دەستی داعشدا بوون، مانگى سێى 2019، رووخانی دوایین قەڵای داعش لە باغۆز لە سوریا راگەیەنرا.

شەڕەکەی مەخمور کۆتایی هات و پێنج چەکداری داعش کوژران

شەڕەکەی مەخمور کۆتایی هات و پێنج چەکداری داعش کوژران