كازم ساهیر به‌شداریی جامی كه‌نداو ده‌كات؟

964+

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

هه‌واڵی جۆراوجۆر له‌ باره‌ی به‌شداریكردنی هونه‌رمه‌ند و گۆرانبێژی عێراقی كازم ساهیر، له‌ ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ پاڵه‌وانیه‌تیی جامی كه‌نداو له‌ به‌سڕه‌ بڵاوبوونه‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا به‌شداریكردنه‌كه‌ی یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌.

له‌ چوارچێوه‌یه‌دا له‌م دوو رۆژه‌ چه‌ند هه‌واڵێك هه‌بوون، له‌وانه‌ ئه‌سعه‌د عیدانیی پارێزگاری به‌سڕه‌ له‌ توویته‌ر بڵاوی كرده‌وه‌ كازم ساهیر به‌شداریی ئاهه‌نگی جامی كه‌نداو ده‌كات، به‌ڵام دواتر توویته‌كه‌ی سڕییه‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌كاونتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق نووسیبوی، كازم ساهیر و ره‌حمه‌ ریاز به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شداریی ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی جامی كه‌نداوی 25 ده‌كه‌ن، دواتر توویته‌كه‌یان سڕییه‌وه‌، چونكه‌ هیچ دڵنیاییه‌ك بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ نییه‌.

جگه‌ له‌مه‌، له‌ ئه‌كاونت و په‌یجه‌ فه‌رمییه‌كانی هونه‌رمه‌ند كازم ساهیر له‌ سۆشیال میدیا، هیچ زانیاری و هه‌واڵێك بۆ به‌شداریكردنی ئه‌و له‌ ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌.

پۆستەی فیدراسیۆنی عێراق لە توویتەر پێش ئەوە بیسڕنەوە

به‌ پێی زانیارییه‌كانی 964+ تا ئێستاش به‌شداریكردنی ساهیر له‌ ئاهه‌نگه‌كه‌ نه‌ پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌ و نه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.

964+ ده‌زانێت، كازم ساهیر له‌ شه‌وی ئه‌م سه‌ری ساڵه‌دا له‌ به‌یرووتی پایته‌ختی لوبنان ئاهه‌نگی گێڕا.

بڕیاره‌ هه‌ینیی داهاتوو شه‌شی كانوونی دووه‌م، له‌ شاری به‌سڕه‌ ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی پاڵه‌وانیه‌تیی جامی كه‌نداوی 25 له‌ تۆپی پێ به‌ڕێوه‌بچێت، كه‌ هه‌شت هه‌ڵبژارده‌ی كه‌نداو به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن.