بێ پڕۆژەی گەشتیارییە
حکومەت و وەبەرهێنەران خۆیان لە دەربەندى رانیە نادەن
964+
وریا فەتاح
لە دەربەندی رانییە هیچ پڕۆژەیەکی گەشتیاری نییە، بەگوێرەی سۆراغی 964 نە حکومەت و نە کەرتی گەشتیاری هیچ پڕۆژەیەکی گەشتیاریان بۆ دەربەندی رانیە نییە و وەبەرهێنەرانیش خۆیان لە دروستکردنی پڕۆژەی گەشتیاری لەو ناوچەیە نادەن.
تێبینی کراوە لەگەڵ ئەوەی دەربەندى رانیە ناوچەیەکى گەشتییارى بێ خزمەتگوزارییە، هیچ سەوزاییەک یان شوێنێکى دانیشتنى تێدانیە، تەنیا چەند کابینە و کەپرێک هەن و پڕۆژەی گەشتیاری نین.
ئەمەل جەلال، سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “لەپلانماندایە لەگەڵ وەبەرهێنەران و بەڕێوەبەرایەتى گەشتوگوزارى راپەڕین، کۆمەڵێک چالاکى جۆراوجۆری وەرزی لەشێوەى کاتبەسەربردن، سەرکێشى، چارەسەری سروشتی و پڕۆژەى گەشتییارى لە ناوچەکە جێبەجێ بکەین”.
ئەو پێى وایە، چونکە کەرتی گەشتوگوزار لەهەرێمی کوردستان نوێیە بۆیە وەبەرهێنەران خۆیانى لێنادەن، دۆخى دارایى حکومەتیش وایە، هیچ کاتێکى دیاریکراو نیە بۆ ئەنجامدانى پڕۆژەى گەشتوگوزارى لەو شوێنە.
ئارام پیرۆت بەڕێوەبەرى گشتى گەشتوگوزارى راپەڕین بۆ 964 دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتى گشتى گەشتوگوزارى راپەڕین، دەرخستەى بۆ چەند پڕۆژەیەک کردووە و ناردویەتى بۆ حکومەت و کەرتى تایبەت، بەڵام بەهۆى قەیرانى دارایى، حکومەت هیچ وەڵامێکى نیە و وەبەرهێنەرانیش نەهاتونەتە پێشەوە بۆ دروستکردنى پڕۆژەى گەشتیارى.
ئارام پیرۆت دەڵێت: “لەو پارەیەى کە وەک داهاتى گەشتییاری کۆى دەکەینەوە دەینێرینەوە بۆ حکومەت و ناتوانین لە دروستکردنى پڕۆژەى گەشتییارى خەرجى بکەینەوە”.
دەربەندى رانیە، دەکەوێتە دەروازەى پشدەر و لەرووى ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەى پشدەرە و ناوچەیەکى گەشتییارییە و بەهۆی بوونی ئاوی دەربەندی رانیە، رۆژانە خەڵکێکى زۆر بۆ کات بەسەربردن و گەشتییارى رووى لێدەکەن.