حاسڵاتی ئەم بەیانییە

“منداڵه‌ كوژراوه‌كانی غه‌زه‌ 10 هێنده‌ی منداڵە کوژراوەکانی ئۆکراینان”

+964

ژووری هەواڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە 80% دانیشتووانی غەزە لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکراون.

درەنگانی شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر شاری توڵکەرەم لە کەناری خۆرئاوای فەلەستین و لەگەڵ چەکدارە فەلەستینییەکان رووبەرووی یەکتر بوونەتەوە.

ئەنجومەنی وەزیرانی بچوککراوەی ئیسرائیل رایگەیاند: رەزامەندییان نیشانداوە لەسەر زیادکردنی بڕی ئەو سووتەمەنییەی دەچێت بۆ غەزە لە 60 هەزار لیترەوە بۆ 120 هەزار لیتر، ئەمەش بۆ رێگەگرتنە لە بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشی لە خوارووی غەزە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: پێداچوونەوە دەکەن بە چەند راپۆرتێکدا کە دەڵێن بە هۆی چەکەکانی ئەمریکاوە ژمارەیەک خەڵکی سیڤیل لە غەزە کوژراون، ئەمەش دوای ئەوە دێت رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند لە ماڵێکدا، کە 43 سیڤیل کوژراون، پارچەی بۆمبی ئەمریکی دۆزراوەتەوە.

رۆژنامەی پۆلەتیکۆی ئەمریکی نووسیویەتی: ئیدارەی بایدن پێشنیارەکەی میسری بە دڵە بۆ ئەوەی حکومەتێکی فەلەستینی لە چەک داماڵدراو غەزە بەڕێوەببات، بەڵام ئیسرائیل رەتی دەکاتەوە.

ڤان هۆڵن، سیناتۆری دیاری ئەمریکی دەڵێت: ئەو منداڵانەی لە غەزە کوژراون 10 ئەوەندەی منداڵە کوژراوەکانی ئۆکراینان، چەکی ئەمریکی بۆ کوشتنی خەڵکی بێگوناه بەکاردێت.