لە 2022 توندوتیژی دژی پیاوان زیادیکردووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان پێنج پیاو بە هاوکاری کەسانی دیکە کوژراون و 65 پیاوی دیکەش کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

یەکێتی پیاوانی کوردستان ئاماری توندوتیژی دژی پیاوانی بۆ ساڵی 2022 بڵاوکردەوە و دەڵێت، 534 توندوتیژی و سکاڵا تۆمارکراون.

لە پارێزگای سلێمانی زۆرترین پیاو خۆیان کوشتووە کە ژمارەیان 26 پیاوە، لە پارێزگای هەڵەبجەش ژمارەی خۆکوشتنەکان گەیشتووەتە دوو حاڵەت و کەمترینە.

مووچەی هەشت پیاو لەلایەن کەسانی دیکە و هاوسەرەکانیان دەستبەسەردا گیراوە و 213 پیاو بێبەشکراون لە بینینی منداڵەکانیان، 37 پیاوی بەتەمەنیش لە ماڵ دەرکراون.

لە ساڵی رابردوودا، 45 خیانەتی هاوسەری تۆمار کراوە، نۆ جار توندوتیژی جەستەیی دژی پیاوان ئەنجامدراوە، 193 جار دەستوەردانی کەسوکاری خێزان لەژیانی هاوسەریدا تۆمارکراوە و 17 جار پیاوان روبەڕووی هەڕەشەی میدیایی و ئەلیکترۆنی و ناوزڕاندن بوونەتەوە.

لە ساڵی 2022، ژمارەی توندوتیژی دژی پیاوان و سکاڵاکان کە لەلایەن پیاوانەوە تۆمارکراون زیادیکردووە، یەکێتی پیاوان دەڵێت لە ساڵی 2021 ژمارەی توندوتیژی دژی پیاوان 521 حاڵەت بووە.