"هەشت ملیۆن دینار سزای لەسەرە"

فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە: دەبێت تاقیگەکان چاودێری ژینگەیی دابمەزرێنن

964+

پێشەوا محەمەد

فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە تاقیگە پزیشکییەکان ئاگادار دەکاتەوە، کە دەبێت چاودێری ژینگەیی دابمەزرێنن و سەرۆکی فەرمانگەکە دەڵێت، ئاسانکارییان بۆ دەکەن.

فەرمانگەکە لەگەڵ نوێنەرانی تاقیگەکان کۆبووەتەوە و پێیان راگەیەندراوە پێوستە پابەندی رێنماییە ژینگەییەکان بن بەتایبەت لە پرسی سەوزایی و لەناوبردنی کەلوپەلەکانیان بە شێوەیەک زیان بە ژینگە نەگەیەنێت.

سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، ئەگەر تاقیگەکان چاودێری ژینگەیی دانەمەزرێنن هەشت ملیۆن دینار سزا دەدرێن.

وتیشی، “ئێمە ئاسانکارییان بۆ دەکەین و پێمان وتوون دەتوانن بە چەند تاقیگەیەک یەک چاودێر دابمەزرێنن، لە کاتێکدا رێنماییەکە دەڵێت دەبێت هەر تاقیگەیەک چاودێرێکی ژینگەیی دابمەزرێنێت”.

جێبەجێکردنی ئەو رێکارانە بەپێی رێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2023ـی دەستەی ژینگەیە تایبەت بە بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان.

“چاودێرانی ژینگەیی پێشتر خولیان بینیوە و ئامادەن بۆ دامەزراندن و جێبەجێکردنی رێنماییە ژینگییەکان”، ئەوەش قسەی سەرهەنگ عەبدولڕەحمانە.

رێنمایی دەدرێتە کەبابخانەکانی هەڵەبجە

رێنمایی دەدرێتە کەبابخانەکانی هەڵەبجە