نێرگزی شیراز لە سلێمانی بازاڕی گەرمە. فۆتۆ:964
سێ رۆژە هاتووە
نێرگزی شیراز بازاڕی سلێمانی بۆنخۆش کردووە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
سێ رۆژە نێرگزی بۆنخۆشی شیراز لە بازاڕەکانی سلێمانیدا پەیدا بووە و فرۆشیارەکان دەڵێن خواستێکی زۆری لەسەرە.
کازم حەبیبوڵا، یەکێک لە فرۆشیارانی ئەو نێرگزە لە ناو بازاڕی سلێمانی بە 964ی وت، سێ رۆژە ئەو نێرگزە هاتووەتە ناو بازاڕ و خواستێکی زۆری لەسەرە.
وتیشی، “نێرگزەکە هەر چڵێکی بە دوو هەزار دینارە و رۆژانە نزیکەی 20 چڵ نێرگز دەفرۆشێت”.
بە پێی قسەکانی ئەو نێرگزفرۆشە، ئەو جۆرە نێرگزە شیرازییە تا مانگی سێ لە بازاڕەکانی هەرێمدا دەمێنێتەوە و ئەوکاتەش کە نێرگزی کوردی پەیدا دەبێت هاوردە ناکرێت و نێرگزە کوردییەکە دەفرۆشرێت.
وتیشی، “نێرگزە ئێرانییەکە گەورەترە و گوڵەکانی زۆرترن و بۆنیشی لە نێرگی خۆمانە خۆشترە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا