بۆریی ئاوەکەیان بۆ دەگۆڕن

90 ماڵی بەردەقارەمان کێشەی لاوازیی ئاویان نامێنێت

964+

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی بەردەقارەمان لە رێگەی راکێشانی بۆرییەکی چوار ئینجی کێشەی لاوازیی ئاوی 90 ماڵ ناهێڵێت.

بۆرییەکە بۆ پێنج گەڕەکە و بڕیاری قیرتاوکردنی بۆ دەرچووە، بەرلە قیرکردنەکە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو بۆریی ئاوەکەیانی گۆڕیوە، چونکە بچووک بووە و ماڵەکان ئاویان بە لاوازی بۆ دەڕۆیشت.

لوقمان نووری، بەڕێوەبەری ئاوی بەردەقارەمان بە 964ـی ڕاگەیاند، دوێنێ دەستیان بە کارکردن کردووە و ماوەی هەفتەیەک تەواو دەبێت.

وتیشی، “لەمەودوا ئەو ماڵانە کێشەی لاوازیی ئاویان نامێنێت، چونکە پێشتر کە ئاویشیان بۆ بەردەدرایەوە، نەیاندەتوانی زۆر سوودی لێببینن، چونکە بەو بۆرییە ئاوەکە نەدەگەیشتە هەموو ماڵەکان”.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی بەردەقارەمان دوو هەزار هاوبەشی ئاوی هەیە و رۆژنارۆژێک کاتژمێر و نیوێک ئاویان دەدرێتێ.

“ئەگەر کارەبا وەک ئێستا کەم بێت کەمتر ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە چونکە بۆ پێدانی ئاو پێویستمان بە کارەبای نیشتمانییە”، ئەوەش قسەی لوقمان نوورییە.

بەردەقارەمان شارۆچکەیەکی سەر بە قەزای بازیانە لە پارێزگای سلێمانی و نزیکەی 20 گوندی لەسەرە.

"ئاوی هێڵی تاسڵوجە - چەمچەماڵ بە یەکسانی دابەش دەکرێت"