هاوڵاتیه‌ك بێ پشتگیری حكومه‌ت 20 به‌نداو دروستدەکات‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

لە تیمارۆک، هاوڵاتییەک نزیکەی 20 بەنداو دروست دەکات، حکومەت نەک هەر پشتگیری نەکردووە بەڵکو هەر پێشی نەزانیوە.

مام فەقێ، له‌ خه‌مى ووشكه‌ساڵى گونده‌كه‌یدا، بێ ئه‌وه‌ى پرس به‌ حكومه‌ت بكات به‌ شۆفڵ و حه‌فاره کەی‌ نزیكه‌ى 20 به‌نداوى له‌ سنوورى گوندى تیمارۆك دروست كردووه‌و ده‌شڵێ “به‌نیارم ئه‌و ژماره‌یه‌ زیاتر بكه‌م”.

گوندی تیمارۆك دەكەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری كۆیە، نزیكه‌ى 50 خێزانی لێ ده‌ژی و كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارى سه‌رچاوه‌ى داهاتى ژیانى رۆژانه‌یانه‌.

مام فه‌قێ به‌ +964 ی وت “له‌سه‌ر ئه‌ركى خۆمان ئه‌و به‌نداوانه‌مان دروستكردووه‌ و حكومه‌ت هیچ هاوكارییه‌كى نه‌كردوین”.

تاریق جه‌لال، قائیمقامی قه‌زاى كۆیه‌ بێ ئاگایی خۆى له‌ دروستكردنى ئه‌و به‌نداوه‌ ده‌ستكردانه‌ دووپات كرده‌وه‌ و به‌ +964ـی راگه‌یاند “ئێمه‌ به‌و بابه‌ته‌ ئاگادار نین، پێمانوایه‌ ئه‌وه‌ى ده‌یكه‌ن كارێكی زانستى و ئه‌ندایاری نیه‌”.

نه‌وا محه‌مه‌د ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاودێری كۆیه‌ش ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ “هیچ پرس و رایه‌ك به‌ئێمه‌ نه‌كراوه‌، هه‌ر له‌خۆیانه‌وه‌ دروستیان كردووه‌”.

نه‌وا، به‌ +964 ى وت “ئێمه‌ له‌ ساڵى 2013 به‌نداو‌ێكی ده‌ستكردمان به‌ ستاندراتى ئه‌ندازیارى بۆ دروست كردوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستایان ئێمه‌ هیچ پێی ئاگادار نین”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌  به‌نیازن له‌م رۆژانه‌ سه‌ردانى ئه‌و گونده‌ بكه‌ن ، بۆئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر پێویست بێ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ، وتیشی “پێشتریش ئه‌نجومه‌نى ئه‌و گونده‌مان ئاگاداركردۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ پرسێكمان پێناكه‌ن”.

له‌سنوورى كۆیه‌،‌ به‌نداوه‌كانى حه‌مامۆك و تیمارۆك و قوڕقوله‌ و باداوه‌و قۆریتان له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ دروستكراون، كه‌ تواناى گلدانه‌وه‌ى نزیكه‌ى 300 مه‌تر سێجا ئاویان هه‌یه‌.