حاسڵاتی ئێوارە

لە کەناری خۆرئاوا گرژی هەیە و تەندروستیی غەزەش ئاڵای سپی بەرزکردەوە

964+

ژووری هەواڵ

رووبەرووبوونەوەی خەڵکی کەناری خۆرئاوای فەڵەستین و سوپای ئیسرائیل گرژی زۆری بەخۆوە بینیوە، بە تایبەتی لە شاری جنین، دەسەڵاتی فەلەستین دەڵێت گەنجێک بە فیشەکی ئیسرائیلییەکان کوژراوە.

رۆژنامەی جۆرزەلیم پۆست بڵاویکردەوە بە شێوەیەکی نەزانراو و گوماناوی هەموو تۆمارەکانی کامێرای چاودێری سەر سنووری ئیسرائیل لە رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر رەشکراوەتەوە، هەرچەندە سوپا ئەمە رەت دەکاتەوە و دەڵێت رەش نەکراونەتەوە، بەڵام چەند کەسێکی دیاریکراو بۆیان هەیە بیبینن.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەو کاتەوەی لە 27 ئۆکتۆبەر هێرشی وشکانیان دەستپێکردووە، تا ئێستا 800 دەروازەی تونێلیان دۆزیوەتەوە و نیوەیان تەقاندووەتەوە.

ئاژانسەکانی پەنابەران دەڵێن، مەترسییەکی گەورە هەیە سیناریۆی ساڵی 2008 دووبارە ببێتەوە و بە سەدان هەزار فەلەستینی روو لە میسر بکەن، چونکە ئەو ساڵە چەکدارانی فەلەستینی بە هۆی فشاری خەڵکەوە بەشێکی دیواری سنوریان تەقاندەوەو خەڵکەکە پەڕینەوە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی غەزە دەڵێت: گەیشتوینەتە دۆخێک کە بریندارەکان تا ئەو کاتەی دەمرن خوێنیان لێ دەچۆڕێت، چونکە ناتوانین چارەسەریان بکەین.