پزیشکێکی کورد بووە باشترین پزیشک و ئاژەڵدۆست لەسەر ئاستی جیهان

964+

هیڤی دێوالی-دهۆک

پزیشکێکی ڤێتەرنەری کورد کە خەڵکی دهۆکە خەڵاتی ئەستێرەی زێڕینی وەرگرت و وەک باشترین پزیشکی ڤێتەرنەری و ئاژەڵدۆست لەسەر ئاستی جیهان هەڵبژێردرا.

ئەم خەڵاتە دەستەیەک دەیبەخشێت بەناوی (WorldWide Vets) لە هەموو جیهانەوە ئاژەڵدۆست و پزیشکە ڤێتەرنەرییەکان دەپاڵێورێن و بە دەنگدانی خەڵک خەڵاتەکە دەبەنەوە.

ئەمساڵ خەڵاتەکە بوو بە نسیبی د.سلێمان تامیر دامەزرێنەری رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان، لەسەر سۆشیال میدیای دەستەکە نوسراوە ”دکتۆر سلێمان رێکخراوێکی ئاژەڵدۆستی هەیە و هەموو ژیانی تەرخانکردووە بۆ خزمەتی ئاژەڵان و خواردن و داوو دەرمان دەگەیەنێتە ئەو ئاژەڵانەی لە ناوچە نا ئارامەکانن، هەروەها پەناگەی بۆ سەگە بێلانەکان دابینکردووە”.

د.سلێمان تامیر بە 964ـى وت ”لە 20 وڵاتەوە خەڵکی بەشدارییان کردبوو، خۆشحاڵم من براوە بووم”.

هەڵبژاردنی کەسەکان بەپێی دەنگدانی خەڵکە، بۆ ئەمساڵ پێنج هەزار کەس ناویان تۆمارکردووە، 58 کەس بۆ قۆناغی کۆتایی ماونەتەوە، لەناو ئەوانەش سیان هەبوون کە پاڵێوراوی کۆتایی بوون: د.سلێمان تامیر لە کوردستان، د. راکان سالوس لە فەلەستین، ئیملی ئیلگار لە گامبیا.

دکتۆرە کوردەکە 2340 دەنگی لەسەر وێبسایتی دەستەکە و 96 دەنگی لەسەر فەیسبووک بەدەستهێناوە و بووەتە یەکەم.