لە سلێمانی

بێ کارەبایی بازاڕی مۆلیدەی بەرزکردووەتەوە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

بەهۆی کەمبوونەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا، ئێستا خواست لەسەر کڕینی موەلیدەی بچوک زیادیکردووە، دوکاندارێک دەڵێت، بازاڕی مۆلیدە 70% زیادیکردوە.

فرۆشیارانی مۆلیدە لە بازاڕ دەلێن، رۆژانە هاوڵاتیان سەردانیان دەکەن بۆ کڕینی مۆلیدە بۆ ماڵەکانیان، بازاڕی موەلیدە بە ڕێژەی 70% زیادیکردووە و لەبەر ئەوەی کارەبا بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.

بۆتان غەریب فرۆشیاری مۆلیدە بە 964ـی وت، نرخی مۆلیدەکان بەپێی جۆر و کوالێتی نرخەکانیان دەگۆڕێت، لە 90 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات بۆ سەرو هەزار دۆلار، موەلیدەی 12 ئەمپێری خواستی زۆر لەسەرە.

وتیشی، تێچووی بەکارهێنانی مۆلیدە کەمە بۆ ماڵ، ئەگەر مۆلیدەیەکی 12 ئەمپێری وەربگرین لە کاتژمێرێکدا نیو لیتر بەنزینی پێویست دەبێت، سەرجەم موەلیدەکانیش دروستکراوی وڵاتی چینن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاوڵاتی زیاتر خواستی لەسەر مۆلیدەی کۆن هەیە، لەبەرئەوەی هەرزانتر دەکەوێت لەسەری، نیوەی نرخی موەلیدە نوێکانە، ئەگەر پێشتر مۆلیدەیەکیان فرۆشتبێت ئێستا رۆژانە 7 بۆ 10 مۆلیدە دەفرۆشن.

لەسەر بابەتی کەمی کارەبا سەرچاوەیەک لە کارەبای سلێمانی بە 964ـی وت، بەهۆی کەمی بەرهەمهێنانی کارەبا و خواستی زۆر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان دابەزیوە بۆ نزیکەی شەش کاتژمێر.

وتیشی، رۆژانە لە کاتژمێر 12ـەی نیوەڕۆ بۆ کاتژمێر 1:00ـی شەو مۆلیدەی گەڕەکەکان کارەبا دەدەن بە هاوڵاتیان لەو کاتانەی کارەبای نیشتمانی نییە، پێشبینی دەکرێت لەم مانگەدا کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی کەمتر ببنەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی