گەشتیاران بە لێشاو روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن

964+

هێمن بەکر – هەولێر

بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە لە بازگەکان، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیانی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەرەو هەرێمی کوردستان دێن، بۆ بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ.

لە وێنەکاندا وا دەردەکەوێت کە هەزاران گەشتیار لە رێگا بن.

ئەوە لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردووش ئەو شەپۆلی هاتنەی گەشتیاران بەردەوام بووە، هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی وتی، لە رۆژانی پێش سەری ساڵ 25 هەزار کەس هاتوونەتە شارەکەی.

پێشبینیشی کردبوو، تاوەکو سەری ساڵ زیاتر لە 60 هەزار کەس بچێنە هەولێر.

لە لایەکی دیکە، ئارام شوانی، وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی بە 964+ی وتبوو، کە تاوەکو چەند رۆژێک لەمەوبەر، زیاتر لە 15 هەزار گەشتیار هاتوونەتە شارەکەی.

ئەو وتی، چاوەڕێ دەکەن تاوەکو سەری ساڵ ئەو ژمارەیە ببێتە دوو هێندە.

بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بۆ سەری ساڵی رابردوو، نزیکەی 147 هەزار گەشتیار بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ هاتبوونە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆی بازگەی تاسڵوجەی سلێمانی – Social Media