16 ساڵە سەدام حسێن لەسێدارە دراوە

964+

هێمن بەکر – هەولێر

ئەمڕۆ 16 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەدام حسێن، سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق تێدەپەڕێت.

ئەو بە دیاریکراوی لە 30 کانونی یەکەمی 2006 ، بە واژۆی نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی ئەوکاتەی عێراق، لەسێدارەدرا،

سەدام حسێن لە ساڵی 1979 تاوەکو 2003 عێراقی بەڕێوەبرد، دوای کۆنترۆڵکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکا لەو ساڵەدا، بۆ ماوەی هەشت مانگ خۆی حەشاردا، بەڵام دواتر لە دەوروبەری شاری تکریت دەستگیرکرا.

رێککەوتی لەسێدارەدانەکەی دەکەوێتە ئێوارەی جەژنی قوربانی ساڵی 2006، کە ئەوە شەقامی عێراقی کرد بە دوو بەشەوە.

بەشێک پێیانوابوو نەدەبوو کرداری کوشتن و لەسێدارەدان تێکەڵ بە بۆنەی جەژن بکرێت، بەشێکی دیکە وەکو دوو جەژن سەیری جەژنەکەیان دەکرد.

بڵاوبوونەوەی دیمەنی لەسێدارەدانەکە، دەنگدانەوەی زۆری دروست کرد. لە کاتی لەسێدارەدانیدا کەسەکان کە دەوترێت سەربازی عێراقی بوون دروشمیان دەوتەوە بە شانی مەرجەعی ئایینی شیعی، محەمەد باقر سەدر کە سەدام لە کاتی حکومکردنیدا لەسێدارەی دابوو.

سەدام حسێن لە دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن دادگاوە تۆمەتەکانی کۆمەڵکوژی شیعەکان لە ساڵی 1982 لە شاری دوجەیلی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین و کۆمەڵکوژی کوردەکان لە شاری هەڵەبجە لە ساڵی 1988ی رووبەڕوو کرایەوە.

لە ساڵی 1979 پاش دوورخستنەوەی ئەحمەد حەسەن بەكر، سەدام حسێن بوو بە سەرۆك كۆماری عێراق، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی ئەنجومەنی شۆڕش و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و كەسی یەكەمی حزبی بەعس.

پاش ساڵێك لە گرتنەدەستی دەسەڵات، لە ساڵی 1980 بڕیاری شەڕی دا لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و ماوەی هەشت ساڵی خایاند، ئەمەش وایكرد رێژەیەكی زۆری هاوڵاتی عیراقی بەتایبەت رەگەزی نێرینە لەناو بچێت، جگە لەوەش وڵاتی تووشی قەرزێكی زۆر كرد.

پاش جەنگی عیراق و ئێران، سەدام حسێن لە ساڵی 1988 بڕیاری ئەنفالكردنی گەلی كوردی دەركرد و بە سەرپەرشتی عەلی حەسەن مەجیدی ئاموزای، هەزاران کورد زیندەبەچاڵ کران.

 رۆژی 16ی ئازاری 1988 بە بڕیاری سەدام حسێن، شاری هەڵەبجە كیمیاباران كرا و دەوترێت کە پێنج هەزار هاوڵاتی كورد گیانیان لەدەستداوە و چەندین كەسی دیكەش بریندار بوون.

لە ساڵی 2003 جۆرج بۆش، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا بڕیاریدا لەگەڵ هاوپەیمانان هێرشی سەربازی بكاتە سەر عیراق، 48 كاتژمێریش مۆڵەتی بە سەدام حسێن دا بۆ ئەوەی عیراق جێبهێڵیت، بەڵام ئەو رەتیکردەوە وا بکات.

رۆژی 20ی ئازاری 2003، هاوپەیمانان هێرشیانكردە سەر عیراق و كۆتاییان بە دەسەڵاتی سەدام حسێن هێنا.