وێستگەیەکی کارەبا لە چەمچەماڵ - وێنە: پەیجی کارەبای سلێمانی لە فەیسبووک
خواست شەش هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە
وزارەتی کارەبا: پێویستمان بە سووتەمەنی و بودجە هەیە
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی کارەبا هۆکاری کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پێویستیان بە سووتەمەنی و بودجە هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29.11.2023، لە وەزارەتی کارەبا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کەمبوونەوەی کارەبا و بەرزی نرخەکەی بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، “خواست لەسەر کارەبا شەش هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان تەنیا سێ هەزار مێگاواتە و زیادکردنی بەرهەمیش پێویستی بە سووتەمەنی و بوودجە هەیە”.
لەبارەی نرخەکان، وەزارەتی کارەبا دەڵێت، پێشنیاریان کردووە نرخی کارەبای پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و کارگەکان داببەزێندرێت و چاوەڕوانی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن بۆ ئەوەی رەزامەندی دەرببڕێت و بەم نزیکانە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
ئەگەر داواکەی وەزارەتی کارەبا پەسەند بکرێت، ئەو پڕۆژانەی کراون بە 24 کاژێری و 12% پارەی زیادەیان لێ وەردەگیرا نامێنێت؛ هەروەها کیلۆواتێک کارەبای سیتییەکان لە 144 دینارەوە دەبێتە 100 دینار و ئەو کارەبایەشی کیلۆواتێکی 125 دینارە دەبێتە 90 دینار.
لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری هەولێر داوای کرد رەچاوی پشکی پارێزگای هەولێر لە پێدانی کارەبا بکرێت و جەختی لە تێستی وەرزی بۆ پشکی کارەبای پارێزگاکان کردەوە.