لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران گردبوونەوەیە

”بەحەقی قورعان هەمووی خەتای ئیستیسمارە”

+964

ژووری هەواڵ

پەنجا کەسێک دەبن لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەتەوە، هاتوون داوای هەقی خۆیان بکەن، دەڵێن پارەمان داوە بە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون و تەواو نەکراوەو پارەکەمان خوراوە.

ئەو کەسانەی کەمێک پێش ئێستا لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە شەقامی 30 مەتری کۆبوونەوە دەڵێن لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لەسەر رێی بەحرکە شوقەیان کڕیوە، بەڵام ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر کاتی تەواو بوونیداو شوققە تەواو نەبووە.

پەیامنێری 964 قسەی لەگەڵ خەڵکەکە کرد، یەکێکی تریان لەوانی تر توڕەتربوو وتی ”دەستی خۆش بێت، لەناو هەولێر لە ڤێلا دانیشتووەو کەس نییە پارەکەی لێ وەربگرێتەوە”، مەبەستی خاوەنی پرۆژەکە بوو.

ئەو خاوەن شوقەیە دەڵێ کۆی پرۆژەکە 595 شوقەیە، تیایاندایە زێڕی ژنەکەی فرۆشتووە بۆ ئەوەی جێیەک بکڕێت، دەشڵێ ”بەحەقی قورعان هەمووی خەتای ئیستیسمارە”.

پەیامنێری 964 دەڵێت لە خاوەن شوقەکانی بیستووە کە خاوەنی پرۆژەکە دیار نییە، چەند جاریش هەوڵیدا دەستی پێی بگات سوودی نەبوو.

964 چەند جارێک پەیوەندی کرد بە وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانەوە، بەڵام وەڵام ناداتەوە، بە نامەی مۆبایل و واتسئابیش بۆی نوسرا، بەڵام هەر وەڵامی نییە، پەیامنێری 964 بینی زیاد لە پێنج کەس لەو خاوەن شوقانە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران پەیوەندییان بە دەستەی وەبەرهێنانەوە کرد، بەڵام وەڵامی ئەوانیش نەدرایەوە.