بەرمیلی 50 هەزار دینارە

نەوت و کانزاکانی سلێمانی: نەوتە هەرزانەکەی بەغدا بۆ ناو شار نییە

964+

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێت، ئەو نەوتە هەرزانەی بڕیار وایە بەغدا بینێرێت و بدرێت بە هاوڵاتیان، بۆ ناو شار نییە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای کردووە، پێشتر بڕیار لە بارەی ئەو نەوتەوە دراوە، کە دەدرێت بە دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین.

وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق بڕیاری داوە لە 1.12.2023ـەوە نەوتی هەرزان بۆ هەرێم بنێرێت و بەرمیلی بە 50 هەزار دینار بەسەر خێزانەکاندا دابەش بکرێت، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک لە پێشتردا بە 103 هەزار دینار دابەش دەکرا.

“ئەو راگەیەندراوەمان بۆ ئەوە بووە تا لە کاتی هاتنی نەوتەکە لە ناو شار کێشەمان بۆ دروست نەبێت و هاوڵاتی بڵێت لە بەغدا بەوەندە هاتووە و بۆ بەو نرخەی پێشوو دەدرێت بە ئێمە”، ئەوە قسەی محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانییە بۆ 964.

پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بڵاوی کردبووەوە، هەرکات بەغدا بە نرخی هەرزانتر نەوت بۆ هەرێم بنێرێت، ئەوانیش بە هەمان ئەو نرخە بەسەر هاوڵاتیانیدا دابەش دەکەن.

بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، زیاتر لە 500 هەزار خێزان لە هەرێم نەوتیان پێدراوە و پڕۆسەکەش رۆژانە بەردەوامە.

ئەگەر تازە هاوسەرگیریتان کردووە بڕۆن نەوتەکەتان وەرگر...

ئەگەر تازە هاوسەرگیریتان کردووە بڕۆن نەوتەکەتان وەرگرن